بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی ڕاهێنان بە ١٢٠ هەزار كارمەند دەكرێت

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، وەك ئامادەكاری بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بەچەند قۆناغێكی ڕاهێنان بە ١٢٠ هەزار كارمەند دەكەین، لە قۆناغی یەكەمدا ٤٠ هەزار كارمەند ڕاهێنان دەكات.

عەبدول زەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بارەی ئامادەكاریەكانیان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و  هەرێمی كوردستان، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

عەبدول زەهرا هنداوی ڕایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی داهاتووەوە ڕاهێنان بۆ كارمەندەكانیان دەست پێدەكات، كە ژمارەیان ١٢٠كارمەند دەبێت، ڕاهێنانەكە بەچەند قۆناغێكی ئەنجام دەدرێت.

 دەشڵێت: قۆناغی یەكەم ٤٠ هەزار كارمەند ڕاهێنان دەكەن، ئەوانی تریش لە قۆناغی دیكەدا ڕاهێنان دەكەن تا دەگاتە ١٢٠ هەزار كەس و هەوویان ڕاهێنانیان پێدەكرێت، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان، ئەمانە بە شێوەیەكی سەرەكی بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێن .

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كارمەندانە لەلایەن  ژمێریارەكان و مامۆستای تایبەتەوە ڕاهێنانەكانیان پێ دەوترێتەوە، فێری ئامار و سیستەم و زانیارییەكانی وەزارەتی پلاندانانیان دەكەن.

جێگەی ئاماژەیە، سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ٣١ی ئایاری ئەمساڵ دەستیپێكرد و ڕۆژی ١٣ ئەم مانگە كۆتایی هات، هەروەها بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری فەرمی ئەنجام بدرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.