پانێڵی تاژێ سەبارەت بە ژنانی ڕزگاربووی دەست چەتەکانی داعش دەستی پێ کرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ تاژێ لە چوارچێوەی کەمپەینی “دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن” پانێڵێکی سەبارەت بە ژنانی ڕزگاربووی ئێزدیی دەست گرووپە چەتەکانی داعش’ـی ئەنجام دا.

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە ٨ـی ئاداری ٢٠٢٤ دژی قڕکردنی ژنان کەمپەینێکیان ڕایگەیاند بە درووشمی “دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن”، لە چوارچێوەی کەمپەینەکەدا دەیان کار و چالاکی ئەنجامدرا و تادێت چالاکییەکان فراوان و دەوڵەمەندتر دەبن.

لەم چوارچێوەیەدا بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ، ئەمڕۆ لە شنگال پانێڵێک دەربارەی ژنانی ئێزدی بەدیلگیراوی دەستی گرووپە چەتەکانی داعش ئەنجام درا.

چەندین ژنی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش بەشداری پانێڵەکە بوون و بەگشتی زیاتر لە ٤٠ ژن بەشداربوون.

کۆمیتەی ئامادەکار ڕایگەیاند، ئەم پانێڵە لە کەسێتی (دایە گوڵێ و دایە زێڕێ و ژنی گەنج جیلان) دیاری هەموو ئەو ژنانە دەکرێت کە دژی دڕندەیی داعش بەرخۆدان دەکەن، پانێڵەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد.

پانێڵەکە بە بەڕێوەبردنی ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ، فەریدە شنگالی بەڕێوەچوو.

فەریدە شنگالی دەربارەی ئامانج و ناوەڕۆکی پانێڵەکە وتی: “لە چوارچێوەی کەمپەینەکەی تاژێ ئەم خەباتە دەکەین، هێشتاش ٣ هەزار ئێزدی چارەنووسیان نادیارە، پانێڵەکەمان دەربارەی ژنانی بەدیلگیراوە”.

پاشان پەیامی یەژەشە لەلایەن فەرماندەی یەژەشە، هێزا شنگالی خوێنرایەوە و تیشکی خستەسەر گرنگی خۆپاراستن بۆ ژنانی ئێزدی و وتی: “بۆ ڕزگارکردنی ژنان و مناڵانی ئێزدی سەدان شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە و یەژەشە و یەبەشە و یەژاستار و هەپەگە گیانیان فیدا کرد”.

هێزا شنگالی ڕایگەیاند بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا و وتی: “تۆڵەی ژنانی بەدیلگیراوی ئێزدی لە چەتەکان دەکەینەوە، وەک یەژەشە بەڵێنماندا بۆ پاراستنی ژنانی ئێزدی، ئێمە خۆمان بەم شێوەیە ڕێکخست، بەڵێنمان داوە تا تۆڵەسەندنەوەی ژنانی بەدیلگیراو و ڕزگارکردنیان، درێژە بە تێکۆشان دەدەین.”

ب.گ

Comments are closed.