بانکی ناوەندی ڕێکاری نوێ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەگرێتە بەر

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیارە بانكی ناوەندیی عێراق بەمەبەستى دابەزاندنی زیاتری بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی کار بۆ نەهێشتنی سەکۆی ئەلیكترۆنی دەکات و هاوشێوەی وڵاتانی دیكە بانكەكان حەواڵەی دەرەكی بكەن.

بانکی ناوەندی عێراق بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێکاری نوێ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی و ئێستا بەنیازی ڕێکاری نوێ بگرێتە بەر.

لەوبارەیەوە جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی بە میدیا ناوخۆییەکانى ڕاگەیاندوە، پێشتر كە بانكی ناوەندیی ڕیفۆڕمی لە سیستمی بانكەكان دەستپێكرد حەواڵەی دەرەكی لە رێگای سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە بوو، بەڵام ئێستا دەیەوێت سەكۆی ئەلیكترۆنی نەمێنێت.

وتیشی: مەبەستى بانکی ناوەندی ئەوەیە کە هاوشێوەی وڵاتانی دیكە بانكەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان حەواڵەی دەرەكی بكەن و بەوەش پڕۆسەی حەواڵەی دەرەكی خێراتردەبێت و كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەبێت.

هەروەها جەبار گۆران ئاماژەى بەوەشکردوە، بانكی ناوەندیی كار لەسەر ئەوە دەكات كە بەهای ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەكاندا لە خانەی ١٤٠ هەزاردا جێگیربێت و لە ١٤٠ هەزار دیناردا زیاتر نەبێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەشتكردن و فەریزەی حەجەوە بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و چاوەڕواندەكرێت بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار جێگیربێتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.