ئەرمینیا دانی نا بە دەوڵەتی فەڵەستیندا

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان، یەكسانی گەلان، سەروەری و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، كۆماری ئەرمینیا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لە بارەی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین و پشتیوانیەكانیان بۆ ئەو دەوڵەتە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دۆخی كارەساتبارانەی مرۆیی غەزە و ململانێی سەربازی بەردەوام یەكێكە لە پرسە سەرەكییەكان پێویستی بە چارەسەر هەیە، كۆماری ئەرمینیا بە توندی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵكی مەدەنی و بارمتەگرتن ڕەتدەكاتەوە و دەچێتە پاڵ داواكارییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئازادكردنیان بەبێ مەرجی پێشوەختەی بارمتەكان.

ئاماژە بەوەشكراوە، كۆماری ئەرمینیا پەیوەندی بە بڕیارنامەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە كردووە، كە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەزە دەكەن، بە دڵسۆزییەوە گرنگی بە دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزراندنی ئاشتەوایی هەمیشەیی لە نێوان گەلانی جوو و فەڵەستینییەكاندا دەدات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێمە هەمیشە بانگەشەمان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی هەمەلایەنە بۆ پرسی فەڵەستین كردووە و پشتیوانی لە پرەنسیپی دوو دەوڵەتی و چارەسەری ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین دەكەین، ئەمە تاكە ڕێگایە بۆ دڵنیابوون لەوەی كە فەڵەستینییەكان و ئیسرائیلییەكان دەتوانن ئاواتە ڕەواكانیان بەدیبهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا دەڵێت: بە پشتبەستن بە ئەوانەی باسكران، پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی یەكسانی و سەروەری و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان دووپاتدەكاتەوە و دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت.

جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا بە ئەرمینیاوە ١٤٦ وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، لە ئەمساڵدا ئیسپانیا، ئیرلەندا و نەرویج، باهاماس، ترینیداد و تۆباگۆ، جامایكا و باربادۆس، دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە.

هـ.ئ

Comments are closed.