نەتەوە یەكگرتووەكان: ساڵی ڕابردوو ٤٣% ڕێژەى لە سێدارەدان لە ئێران زیادیكردووە

ناوەندی هەواڵەکان

نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی لە زیادبوونی لە سێدارەدان لە ئێران دەربڕی و ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەراورد بە ساڵی پێشوتر٤٣٪ زیادی كردووە.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەشێک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران زانیاری بڵاوکردەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ژمارەی لە سێدارەدان لە ئێران لە ساڵی٢٠٢٢دا كەمتر بووە لە٥٨٢ كەس، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٤٣ كەس لەو وڵاتە بە تۆمەتە جیاوازەكان لە سێدارەدراون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشوتر لە ٤٣٪ حاڵەتەكانی لە سێدارەدان زیادیكردووە.

لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە کراوە،  ئامارەکە ماوەی نێوان یەکی ئابی ٢٠٢٣ تا ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ دەگرێتە خۆی و پشتی بەستووە بە ڕاپۆرتی ڕێكخراوە ناحكومییەكان و میدیاكان و تێبینییەكانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكراوە.

هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانی نیگەرانی لە زۆربوونی لە سێدارەدان لە ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند، بەراورد بەرێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە سێدارەدان لە هەموو وڵاتەكانی تری جیهان بەرزترە.

لە پێنج مانگی ئەمساڵیشدا دەیان کەس لە زیندانەکانى ئێراندا لە سێدارە دراون و بە سەدانى دیکەش سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، کە زۆرینەیان بە تۆمەتى سیاسی و سیناریۆی هەڵبەستراو سزا دراون.

هـ.ح

Comments are closed.