گۆڤارێكی ئەمریكی: ٨٠%ـی تۆڕی تونێلەكانی حەماس كار دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

گۆڤارێكی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، بزووتنەوەی ئەمڕۆ حەماس بەهێزترە لەوەی كە لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ هەبوو، تا ئێستا ٨٠%ی تۆڕی تونێلەكانی حەماس كار دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە، سەركردەكانی ئیسرائیل هەمیشە باس لە شكستپێهێنان و لەناوبردنی حەماس دەكەن.

گۆڤاری “فورین ئەفیز”ی ئەمریكی لە بارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و بەهێز بوونەوەی حەماس ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە.

گۆڤارەكە بڵاوی كردەوە، دوای نۆ مانگ لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە، حەماس شكستی نەهێناوە و ٨٠%ی تۆڕی تونێلەكانی كار دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە، ئیسرائیل بە نزیكەی ٤٠ هەزار سەربازەوە هێرشی كردوەتە سەر غەزە و ٨٠%ی دانیشتووانی بە زۆر ئاوارە كردووە و زیاتر لە ٣٧ هەزار فەلەستینی كوشتووە و لانیكەم ٧٠ هەزار تۆن بۆمبی خستۆتە ناو غەزەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، شكست لە ستراتیژی ئیسرائیلدا شكستی تاكتیك نییە، بەڵكو شكستە كارەساتبارەكە تێنەگەیشتنێكی گەورە بوو لە سەرچاوەكانی دەسەڵاتی حەماس، ئەوەی كە زیانێكی زۆری بە ئیسرائیل گەیاند ئەوە بوو نەیتوانی درك بەوە بكات، كە ئەو كۆمەڵكوژی و وێرانكارییەی بەسەر غەزەدا سەپاندویەتی، تەنیا دەبێتە هۆی بەهێز بوونی حەماس.

سەركردەكانی ئیسرائیل بەردەوام بانگەشەی شكستپێهێنانی حەماس و لاوازكردنی تواناكانی، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوون بووەتەوە ئەوەیە كە دەسەڵاتی حەماس لە ڕاستیدا گەشە دەكات، بەپێی هەڵسەنگاندنێكی ئەم دواییەی ئیسرائیل، ئێستا بزووتنەوەی حەماس ژمارەیەكی زۆرتری چەكدارانی لە ناوچەكانی باكووری كەرتی غەزە هەیە.

گۆڤارەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، حەماس هێشتا توانای هێرشكردنە سەر ئیسرائیلی هەیە و پێدەچێت ١٥ هەزار فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی هەبێت و زیاتر لە ٨٠%ی تۆڕی تونێلە ژێرزەمینییەكانی هێشتا گونجاوە بۆ بەكارهێنان لە پلاندانان و هەڵگرتنی چەك و ئەنجامدانی هێرشەكاندا، كە زۆربەی سەركردایەتی باڵای حەماسی تێدایە.

بەرپرسێكی ئەمریكی بە سی بی ئێس ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە گەیشتن بە ئامانجەكەی بۆ لەناوبردنی حەماس نزیك نییە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئ

Comments are closed.