ئیسرائیل بە فڕۆکە وەڵامی مووشەکەکانی حەماسی دایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

دوای ئەوەی سێ مووشەک لە کەرتی غەزەوە لەلایەن حەماسەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا، هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.

ئێوارەی دوێنێ سێ مووشەک لە کەرتی غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، یەکێک لە مووشەکەکانیان بێکاریگەر کردووە.

لەسەر ئەو هێرشە، ئێوارەی دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لەسەر تویتەرەکەی، وەهای نووسیبوو: لە یەک کاتژمێری ڕابردوو، سێ ڕۆکێت لە غەزەوە ئاراستەی باشوری ئیسرائیل کراوە، دوو ڕۆکێت لە شوێنی دوور لە ناوچە مەدەنییەکان دراوە و ڕۆکێتێکی دیکەش لەلایەن سیستمی بەرگری گونبەزی ئاسنینەوە بێکاریگەر کراوە.

دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکان، شەوی ڕابردوو، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند: هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانیان پێگەکانی گروپی حەماسیان لە کەرتی غەزە کردووەتە ئامانج.

ک.س

Comments are closed.