عێراق یەک ملیۆن تۆن گەنمی یەدەگ لە دەرەوە دەکڕێت

حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەمساڵ یەک ملیۆن تۆن گەنمی یەدەگ لە دەرەوە بکڕێت، لە کاتێکدا هێشتا نیوەی زیاتری گەنمی جوتیارانی هەرێم لە سایلۆکان ماوەتەوە و کڕیاری نییە.

ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشبینی کردبوو بەرهەمی گەنمی ناوخۆ بگاتە شەش ملیۆن تۆن، تا ئێستاش چوار ملیۆن و ٥٣٩ هەزار تۆن گەنمی ناوخۆی کڕیوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمساڵ پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گەنمی دیکە هەیە لە دەرەوە هاوردەی بکات وەک یەدەگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران کە بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە سەریهەڵداوە.

عێراق یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هاوردەکردنی گەنمدا، ئەمساڵیش بڕی ٣٩٠ هەزار تۆن لە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بەرهەم هەبێت.

بەپێی بڕیاری نوێی حکومەتی عێراق، ئەمساڵ ڕێگە نادرێت جوتیارانی هەرێم گەنمە زیادەکانیان لە شارەکانی خواروی عێراق و کەرکوکدا ساغ بکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەغدا پارەی گەنمی ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٥-٢٠١٦ی جوتیارانی هەرێم قەرزارە کە بڕەکەی ٥٥٥ ملیار دینارە.

س.ح

Comments are closed.