مامۆستایەک: دەسەڵاتی هەرێم ڕۆژنامەگەریی بێ بەها کردووە

سلێمانی

ڕووداو و ئەو ڕۆژەڤانەی کە دەسەڵات لە ڕێگەی میدیاوە بڵاوی دەکاتەوە، سەلمێنەری ئەوەی کە دۆخی ڕۆژنامەگەریی  و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات، مامۆستایەکی بەشی ڕاگەیاندنیش دەڵێت: کاری ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی لە سایەی دەسەڵاتە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان، بە دۆخێک گەیشتووە بەها و متمانەیان بۆ میدیا نەهێشتووە.

ڕفاندن، بێ سەروشوێنکردن، تیرۆر، هەڵکوتانە سەر ڕۆژنامەنووس و میدیاکارو میدیاکان، بەشێکی کردەوەکانی دەسەڵاتی هەرێمە کە ڕۆژانە دەبینرێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئاماری ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان پێمان دەڵێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە باشووری کوردستاندا لە خراپبوون دایە، لەو بارەیەوە چۆڵی ئەسعەد، مامۆستایەکی بەشی ڕاگەیاندن لە سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

چۆلی ئەسعەد، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی، لە بارەی بارودۆخی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان وتی: ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە ئاستی ڕووکەشدا بێ کێشەیە، بەڵام لە ئاستە ڕاستەقینەکەی خۆیدا لە ژێرەوە پڕ کێشەیە، بە هۆی چەندین هۆکارەوە، وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن بوونیان هەیە ئەوانیش دەست نەکەوتنی زانیاریی، نەبوونی ئازادیی و دەسەڵاتی پیشەیی میدیاییە بۆ ڕۆژنامەنووسان.

هەروەها، لەسەر کاریگەریی دەسەڵات، لەسەر ڕۆژنامەگەریی و ڕۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوەکر، کاری ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی لە سایەی دەسەڵاتە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان، بە دۆخێک گەیشتووە متمانەیان بۆ میدیا نەهێشتووە، ئەمەش بە مەبەست دەکرێت بۆ بێ بەها کردنی میدیا و نەهێشتنی کاریگەریی میدیا لەسەر کۆمەڵگە.

چۆلی ئەسعەد وتیشی: لە ژینگەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی شێواوداین، کە سەرجەم ڤایرۆسە کوشندەکانی کۆمەڵگەی تێدا کۆبووەتەوە، دەسەڵاتداران ژینگەیەکیان درووستکردووە کە سەرجەم دامەزراوە یاساییەکان بەو شێوەیە بەکار دێنن کە لە خزمەتی خۆیاندایە و بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە، نەک بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و نیشتیمانەکەی.

ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەت کاری ئەوەیە پاساو بدۆزێتەوە، بۆ هەر کارێکی ناڕەوای، کە ڕۆژنامەنووسان بەم شێوازە خراپە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، تا ئێستا یاساکانی، کاری ڕۆژنامەوانی، دەست خستنی زانیاریی کاریان پێ ناکرێت.

ب. جـ

Comments are closed.