سێ بارهەڵگری سەربازی لە پارێزگای سەماوە سوتێنران   

چەکدارانی نەناسراو سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان لە پارێزگای سەماوە ئاگر تێبەردرا، کە باس لەوە دەکرێت کەلوپەلی سەربازی سوپای ئەمریکایان گواستبێتەوە، گومان دەکرێت حزبوڵای عێراق لە پشت ئەو کارەوە بێت.

چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن، شەوی ڕابردوو چەکدارانی نەناسراو ڕێگەیان بە سێ بارهەڵگر گرتووە لەناوچەی نەجمی نیوان سەماوە و قادسیە لە باشوری وڵات و پاش ئازادکردنی شۆفێرەکانیان، ئاگریان لە هەرسێ بارهەڵگرەکە بەرداوە.

دەوترێت کە ئەو ئۆتۆمبێلانە بارهەڵگری نەوت بوون، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن ئەو بارهەڵگرانە پێداویستی لۆجستی و سەربازی ئەمریکییان پێبووە و لەشاری سەماوەوە گواستویانەتەوە بۆ دیوانیە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پنتاگۆن” بە کەناڵی ئەلحوڕەی عێراقی ڕاگەیاندووە، هیچ بەرژەوەندییەکیان لەسەر خاکی عێراق نەکەوتووەتە بەر هێرش، بەتایبەت لە ناوچەی دیوانییە.

ماڵپەڕی ناس کورد لەزاری سەرچاوەیەکی پۆلیسەوە بڵاویکردووەتەوە، کە چەکدارەکان لەناو ئۆتۆمبێلێکی پیک ئابدا دابەزیون و ڕێیان لەو بارهەڵگرانە گرتووە، دوای ئازادکردنی شۆفێرەکانیان، ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەکان بەرداوە دواتریش بەرەو شوێنی نادیار هەڵهاتوون.

کەناڵی ئەلحوڕە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسیارێتی خۆیان لەو ڕووداوە ڕاگەیاندووە، لە نێویشیاندا چەکدارانی حزبوڵای عێراق.

س.ح

Comments are closed.