دەستە و بەرەکانی یەکێتیی نەتەوەیی کەی هەنگاو دەنێن؟

بەرهەم لەتیف

لەکاتێکدا هێرشەکان لەسەر کوردستان چڕتردەبنەوە، ئەو بەرە و دەستانەی لە ماوەی ڕابردوودا بە ئامانجی پێکهێنانی یەکێتیی ناوماڵی کورد پێکهێندراون بە بیانووی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی دیکە هەنگاو بۆ کارەکەیان و یەکێتیی نەتەوەیی نانێن.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەشت بەرە و دەستە لە باشوری کوردستان بۆ پرسی یەکڕیزیی گەلی کورد و پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی دامەزراون، هەندێکیان هەڵوەشاونەتەوە و ئەوانەشی کە ماون، هیچ پلانێکیان نییە بۆ کارکردن لەسەر یەکخستنی ناوماڵی کورد.

ئەو دەستە و بەرانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکێتیی نەتەوەیی پێکهاتوون، بریتین لە:

– بەرەی پشتیوانیی عەفرین

– بەرەی نیشتمانیی دژی داگیرکاریی

–  بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان

–  دەستەی دەستپێشخەری بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی

–  گروپی ویژدان

 – گروپی ئاشتی

–  کۆمیتەی پاراستنی نیشتمان

 – دەستەی بەرگریی لە خاک

ئێستا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان چڕبوونەتەوە، هەمووان داواکاریی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەکەن، ئێمەش لەسەر ئەو داواکارییانە بەدواداچوونمان بۆ کاری ئەو بەرە و دەستانە کرد، کە ئاخۆ هیچ بەرنامەیەکیان بۆ پرسی یەکڕیزیی هەیە؟

لوقمان حەسەن، ئەندامی دەستەی دەستپێشخەریی بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئێمە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێستادا هیچ پلانێکمان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و داڕشتنی پلانێک بۆ خستنەگەڕی هەوڵەكانمان بۆ پرسی یەکێتیی نەتەوەیی نییە.

هەروەها، دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی گروپی ئاشتیش بۆ ڕۆژنیوز وتی: گروپەکەی ئێمە فۆکەسی زیاتر لەسەر ڕووداوەکانی زینی وەرتێ بوو، ئێستاش هیچ پلانێکمان نییە بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بۆ پرسی یەکێتیی نەتەوەیی.

محەمەد بەکر، ئەندامی گروپی ویژدانیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: کارەکانی گروپی ویژدان لە ناوەڕۆکدا خزمەت بە پرسی یەکێتیی نەتەوەیی دەکەن، بەڵام هیچ پلانێکمان نییە بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی بدەین.

هیچ یەکێک لەو بەرە و دەستانەش باسیان لەوە نەکرد، کە لە داهاتوودا هیچ بەرنامەیەکیان هەبێت بۆ کارکردن لەسەر پرسی یەکێتیی نەتەوەیی.

ئەمە لەکاتێکدایە، هاوکاتی چڕبوونەوەی هێرشە داگیرکارییەکان، ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش زیاتربوون و ناوبەناو لێدوانی دژ بەیەک دەدەن، بەڕای بەشێک لە چاودێرانیش، بەردەوامیی ئەم پەرتەوازەییە بەمشێوەیەی ئێستا، تەنها داگیرکەرانی کوردستان سوودی لێ دەبینن و زیان بە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەگەیەنێت.

ک.س

Comments are closed.