لەبارەى کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانەوە هاوڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان چاودێریی کاری مۆلیدەکان دەکات و رێگە نادات هیچ گەڕەک و ماڵێک بێ کارەبا بێت، دەشڵێت: هەر هاوڵاتییەک گلەیی لە مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات.

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لەبارەى کێشەی مۆلیدە ئەهلییەکان و ئەو کارەبایەی دەیدەنە هاوڵاتییان هۆشداری داوە.

قائیمقامییەتى سلێمانی دەڵێت: لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان چاودێریی کاری مۆلیدەکان دەکات و رێگە نادات هیچ گەڕەک و ماڵێک بێ کارەبا بێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی رایگەیاند، بەبەردەوامی سەردان و چاودێریی ئەو مۆلیدە ئەهلییانە دەکەن کە لەناو شاری سلێمانیدا کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن، لەرووی دەنگ و دوکەڵەوە دەبێت مۆلیدەکە بێدەنگ بێت و هیچ دوکەڵێکی نەبێت، هاوکات ڤۆڵتییەی دەرچوو لە موەلیدەکەوە دەبێت لە ٤٠٠ زیاتر بێت و لەسەروو ٢٠٠ەوە بگات بە هاوڵاتییان.

ئاماژەى بەوەشکردوە، دەبێت بەبەردەوامی لەگەڵ بچڕانی کارەبای حکومی موەلیدەکان کاریان پێبکرێت، هەر مۆلیدەیەکیش لەکار بکەوێت دەبێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابینبکرێت.

سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان وتیشی: بەردەوام سکاڵای هاوڵاتییان وەردەگرین و بەدواداچوون بۆ سکاڵاو داواکانیان دەکەین،هەر هاوڵاتییەک سکاڵای لەخراپیی مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بکات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەکان.

هـ.ح

Comments are closed.