قەرەیلان: چالاکی هەڤاڵ زیلان بوو بە سەرهەڵدانێکی تاکتیکی و ڕێبازێکی نوێ

ناوەندی هەواڵەکان

قەرەیلان ڕایدەگەیەنێت، چالاکی هەڤاڵ زیلان بوو بە سەرهەڵدانێکی تاکتیکی و ڕێبازێکی نوێ و دواتر لەسەر بنەمای ئەو ڕێبازە یەکینەی تایبەت پێکهێنرا و بوو بە هێڵی تێکۆشان و دەشڵیت: پێویستە تێکۆشانمان بەرفراوانتر بکەین، چونکە تا سیستمی سەپێنراوی ئیمرالیی نەشکێنین، ڕێگای ئازادی هەموار نابێت و پێکەوە ژیانی دیموکراتیک گەشە ناکات .

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ڕادیۆی دەنگ گەل، لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەیدا هەڵسەنگاندنەکانی خۆی سەبارەت بە چالاکییەکەی زەینەب کناجی (زیلان) کرد.

موراد قەرەیلان لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: بەڕێزەوە ئەم چالاکییە مێژووییە بەبیر دەهێنینەوە و سڵاوی خۆمانی ئاڕاستە دەکەین، ئەمڕۆ زیلان بوون لە ڕیزەکانماندا بەهێزتر بووەتەوە و بەم ڕۆحیەتەوە تێکۆشان دەکەین، گەریلای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ڕۆحی فیدایی بوون و ئاپۆییەوە تێدەکۆشن و بەم شێوەیە وەڵامی بەرپرسیاریەتە سەردەمیەکەیان دەدەنەوە، بەم مانایە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە وەکوو هەڤاڵانی فیدایی زیلان کە بە ڕۆحیەتی زیلانەوە بەردەوام بین لە تێکۆشان.”

٤٠ مانگە کە گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا بەردەوامە، لەبەرامبەردا زیندانیانی ئازادیی و گەلیش لە ئاستێکی دیاریکراودا لە تێکۆشاندان، لەسەر ئەم بابەتە چی ئەڵێن؟

موراد قەرەیلان: وەک دەزانرێت لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە زۆرێک لە هەرێمەکانی باکووری کوردستان پێکدادان ڕوویداوە، بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لە هەرێمی گۆڵی داخ، ماوا و پیرۆسا شەهیدمان هەیە، هێشتا ئەنجامی هەندێکیان دیار نین، بەڕێزدارییەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەی هەفتەی ڕابردوو، لە کەسایەتی هەڤاڵان شێخموس، ئاخین و شەرڤاندا بەرز ڕادەگرم و بە حورمەتەوە لە بەرانبەر یادی بەرزیان سەر دادەنوێنم، جارێکی تر بەڵێنێکە کە بە هەڤاڵانمان دابوو دووبارە دەکەمەوە، ئێمە وەفادار دەبین بە بەڵێنەکانمان و تۆڵەیان دەکەینەوە و خەونەکانیان بەدی دێنین، هەموو شەهیدانمان لە تێکۆشانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستاندا بە زیندوویی ڕادەگرین.

لە ڕاستیدا ئەم جۆرە شەهیدانە یەک لە دوای یەک لەم ماوەیەدا بۆ ئێمە قورس بوون، هەڤاڵان کە چاوەڕوانییەکی تایبەتیان هەبوو، شەهید بوون ئەوان خزمەتێکی گەورەیان پێشکەش بە گەلی کوردستان کردووە و دەیانتوانی لە داهاتووشدا درێژە بەو خزمەتانەیان بدەن.

شێخمۆس یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەمان کە لە سەختترین بوارەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا، ماوەی ٣٣ ساڵ بە سەرکەوتوویی لە دژوارترین شوێنەکان کارو تێکۆشانی ئەنجامدا، هەمان شت لەسەر هەڤاڵان ئاخین گابار و شەڕڤان بوتان دەڵێم، ئەم هەڤاڵانەمان کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە بزووتنەوەکەیاندان، بە دڵسۆزی، ڕاستگۆیی و نوێنەرایەتی کردنەوە و ڕۆحی فیدایی بوونەوە پێشەنگایەتی هەڤاڵانیان دەکرد.

بنەمای سیستەمی ئیمپریالیزم، پرسی کورد و سیاسەتی داگیرکاری تورک بەرامبەر بە گەلی کوردە، بە واتایەکی تر سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و کۆمەڵکووژییە، لە ئێستادا حکومەتی تورک بەو سیاسەتەی لە ئیمرالی پەیڕەوی دەکات، هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی کۆمەڵگا دەدات. ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی گەلی کورد و دۆزی ئازادی کورد دەکات، ئەو نوێنەرایەتی ژنانی ئازادیخواز و بەها دیموکراتیکەکان دەکات، بە هەڵوێستێکی شکۆمەندانە و بەرخۆدانێکی مەزنەوە ئەم ئەرکە بەڕێوە دەبات، بۆیە بە ڕێبازی نامرۆڤانە و ئەشکەنجەی دەروونی لە سەرۆک ئاپۆ نزیک دەبنەوە، سەیرکەن؛ ٤٠ مانگی تەواوە هیچ هەواڵێکی لێ نەبیستراوە، ئەمە باسی کەسێک نییە بەڵکو پەیوەندی بە گەلێکەوە هەیە، ئەم هێرشانە لەدژی ئەو ئەنجام دەدرێن بەو پێیە ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی کورد دەکات.، هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە گەلەکەمان و چین و توێژە دیموکراتیکەکانی تورکیا و هەموو لایەنە چەپە شۆڕشگێڕەکان ئەم کردەوانەی حکوومەتی تورکیا بە هێرش بۆ سەر خۆیان بزانن و قبووڵی نەکەن.

سەرۆک ئاپۆ بە پارادایمەکانی نوێنەرایەتی مۆدێرنیتی دیموکراتیک دەکات لە بەرامبەر کۆلۆنیالیزم و مۆدێرنیتی سەرمایەداری، لەبەر ئەم هۆکارە هەم نوێنەری مۆدێرنیتە سەرمایەداری جیهانی و هەم حکومەتی تورکیا لێی دەترسن، ​​CPT ڕاست نییە و شەرعیەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دەدات لە ئیمرالی، بۆیە ئەو سیاسەتەی کە لە ئیمرالی لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆ دا لە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت، سیاسەتێکی جیهانییە. پێویستە لەم ڕوانگەیەوە بە دروستی بخوێنرێتەوە.

جگە لەوە، ئەمڕۆ لە ئیمرالی بەهۆی ئەم سیاسەتە کۆمەڵکووژییەوە شەڕ بەڕێوە دەبرێت، شەڕ دژی گەلی کورد بەردەوامە، حکومەتی تورکیا هەموو شتێکی لەم شەڕەدا تەواو کرد، هەموو داهاتی تورکیای بەکارهێنا، ئێستا هێدی هێدی ئەم سیاسەتە لەلایەن کرێکارانی تورکیا و زۆربەی چینە سیاسییەکانەوە دەبینرێت و دەزانن هەتا ئەم شەڕە ڕانەگیرێت هیچ پێشکەوتنێکی ئابووری و سیاسی لە تورکیادا دروست نابێت. هەر بەم هۆیەوە لە تورکیا دەچنە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە، بەکورتی ئەم گۆشەگیرییە و ئەو سیستەمەی کە لە ئیمرالی جێبەجێ دەکرێت، تەنها کێشەی کورد نییە، بەڵکوو کێشەی تورکیاشە بەگشتی.

ئێمە وەک پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادی، گەلی وڵاتپارێز و چینە دێموکراتیکەکان دەبێ بزانین لە بەرامبەر کردەوەکانی دژ بە ئیمرالی کەموکورتیمان لە تێکۆشاندا هەیە، بێگومان پێویستە ئەم کەموکورتیانە تێپەڕێنین و تێکۆشانمان بەرفراوانتر بکەین، دەبێ بزانین تا سیستمی سەپێنراوی ئیمرالیی نەشکێنین، ڕێگای ئازادی هەموار نابێت و پێکەوە ژیانی دیموکراتیک قەد گەشە ناکات، بۆیە دەبێت وەک بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان، ئامانجی سەرەکیمان ئازادیی ڕێبەری ئاپۆ و چارەسەری کێشەی کورد بێت.

بزووتنەوەکەتان مانگی حوزەیران بە مانگی فیداییان پێناسە کرد، هاوکات لە ٣٠ـی حوزەیران دەچینە ٢٨ـەمین ساڵی چالاکییەکەی شەهید زیلان، لە بارەی ڕاستی خۆنەویستی و فیدایی بوون لە بزووتنەوەکەدا چی ئەڵێن؟

بەڵێ؛ مانگی حوزەیران مانگی شەهیدانی فیداییە، یادی سەرجەم شەهیدانی مانگی حوزەیران  بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئاست فیداییە مەزنەکان هەڤاڵان زیلان، سەما و گۆڵان بەرز ڕادەگرم، بە ڕێزەوە یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و جارێکی تر ئەو بەڵێنەی بە هەڤاڵانمان داوە دووبارەی دەکەمەوە، لە مانگی حوزەیراندا شەهیدی زۆرمان داوە، بەڵام شەهیدبوونی هەڤاڵانی فیدایی بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ زیلان زۆر زیاتر سەر هەڵدەدەن.

فیدایی بوون لە بنەڕەتدا لە بزووتنەوەکەماندا بوونی هەبووە، وڵاتی ئێمە وڵاتێک بوو کە ناو هێنانی تەنانەت قەدەغە بوو، کەس نەیدەتوانی باسی کورد و کوردستان بکات، لە قۆناغێکی وادا سەرهەڵدانی سەرۆک ئاپۆ سەرهەڵدانێکی مێژووییە کە لەسەر بنەمای فیدایی بوون دامەزراوە، لەو کاتەدا تێکۆشان بەم شێوەیە بە مانای بە ئامانج بوون بوو، بۆیە کەسێک کە هەڵوێستی فیداییانەی نەبوو، نەیدەتوانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، لەسەر بنەمای ئەمەش سەرۆک ئاپۆ لە پلەی یەکەمدا بە فیدایی بوونەوە دەستی پێکرد ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراند، ئەگەر لە پێناو بەها پیرۆزەکانی وەک ئازادی و حەقیقەتدا فیدایی بوون نەبێت، ئەگەر ئامادەی فیدایی بوون نەبی، ناتوانیت درێژە بەم تێکۆشانە بدەیت، ئەو تێکۆشانەی هەڤاڵ زیلان کردنی لە بزوتنەوەکەماندا جێگایەکی تایبەتی هەیە.

یه‌که‌م؛ چالاکی هەڤاڵ زیلان کە لە کاتێکدا کە بزووتنەوەکەمان ڕووبەڕووی ئاستەنگی و هێڕشێکی بەرفراوان بوو ئامادە و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا، بوو بە سەرهەڵدانێکی تاکتیکی و ڕێبازێکی نوێ، دواتر لەسەر بنەمای ئەو ڕێبازە یەکینەی تایبەت پێکهێنرا و بوو بە هێڵی تێکۆشان.

دووەم: لە ٦ـی ئایاری ١٩٩٦ هێرش کرایە سەر سەرۆک ئاپۆ، دوژمن ویستی ڕێبەرایەتیمان تیرۆر بکات، چالاکی هەڤاڵ زیلانیش سەرهەڵدان و هەڵوێستێکی جدیی بوو بەرامبەر ئەم پیلانە، بە واتایەکی تر ئەم چالاکییە ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە مرۆڤ دەبێت خۆی فیدا بکات و هەر کارێک بکات بۆ پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ، لە ڕاستیدا هەڤاڵ زیلان لە نامەکەیدا دەڵێت: ئەگەر شتێکی بەنرختر لە ژیانم هەبوایە دەمبەخشی، بەم چالاکییە ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کرد، هەڤاڵ زیلان هەروەک چۆن هەڤاڵانی زیندان لە پێناو ئازادیی و سەرکەوتنی پەکەکەدا خۆیان فیدا کرد، ئەویش لە پێناو ڕێبەرایەتی و پەکەکەدا وەک دەستکەوتی گەلی کورد خۆی فیدا کرد.

سێهەم لایەنی گرنگ ئەوەیە؛ ئەم چالاکییە سوپای ژنانی بەهێزتر کرد، بە تایبەتی ئەو چالاکییەی هەڤاڵ زیلان وەک ژنێکی ئازادیخوازی کورد ئەنجامی دا، هێزی بە هەموو هەڤاڵانمان بەخشی، پاشان وردە وردە تەشەنەی کرد و بوو بە هێزێک بۆ هەموو کۆمەڵگاد بڵاو بووەو، ئەم چالاکییە ئەوەی ڕوون کردەوە کە ژن چەندە دەتوانێت بە ئیرادە و بەهێز بێت و چەندە ئازا بێت لە هەمان کاتدا دەتوانێت لە بەرزترین ئاستدا، پێشەنگێکی گەورە بێت، هەڤاڵ زیلان ئیلهامبەخش، پاڵنەر و ڕێگەی هەموار کرد بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو سوپاوە.

 لەم مانگەدا ڕووداوی زۆر لە کوردستان ڕوویان دا. سەرەتا لە ٣ـی حوزەیران، قەیوم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ دانرا، کە لە بەرامبەریدا بەرخۆدانی گشتی بەڕێوە چوو و ئەم بەرخۆدانەش تا ئێستاش بەردەوامە، پاشان لە ٢٠ـی حوزەیران ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتی مردن. حکومەت هیچ دەستێوەردانێکی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەکرد، گەل بە ئیمکاناتی خۆیانەوە ئاگرەکەیان کوژاندەوە، ڕێبازی حکومەت لەم ڕووداوانەدا چۆن بخوێنرێتەوە؟

سەرەتا بەڕێزەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەمەوە کە لە ڕووداوی چنار و شەمڕەخدا گیانیان لەدەستدا و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم، لە هەر ڕووداوێکدا کە لە کوردستان ڕوودەدات، هەموو جارێ تەنیا یەک شت بۆ گەل دەردەکەوێت، ئەویش سیاسەتی ئینکار و لەناوبردن، واتە سیاسەتی کۆمەڵکووژی حکومەتی تورک، بەڵام پێوسیتە لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئیرادەمان بێدەنگ نەبین، هەر کەسێک کە کەرامەت و خاوەن کەسایەتی بێت، دەبێت بڵێت منیش مرۆڤی ئەم خاکەم، نابێ لەبەردەم ئەو سیاسەتەی کە ئیرادەم دەچەوسێنێتەوە بێدەنگ بم، پێویستە هەموو دیموکرات و وڵاتپارێزانی تورکیا لە کوردستانەوە دژی ئەم سیاسەتە بووەستنەوە.

ب. ق

Comments are closed.