بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ پێشنیازەکەى کۆمسیۆنین مانگی ئەیلول هەڵبژاردن بکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی یەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە، دەشڵێت: یەکێتى لەگەڵ پێشنیازەکەى کۆمسیۆنە بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لەمانگی ئەیلولدا بکرێت.

میدیای یەنەکە بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ لە دەباشان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە لەگەڵ لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکەی کۆبووەتەوەو لەبارەى دواین گۆڕانکارییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە: یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە، دروستكردنی هەر بەربەستێكیش لەبەردەم ئەو پڕۆسە گرنگەدا، لێدانە لە خواستی خەڵك و رەوتی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان.

وتیشی: پێویستە هەموولایەنەكانیش پابەندبن بەو وادەیەی كۆمسیۆن وەك لایەنی فەرمی و جێبەجێكار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشنیازیكردووە كە ٥ـی ئەیلولی ئەمساڵە و هیچ بیانوویەكی بۆ دواخستنی پڕۆسەكە نەهێشتووەتەوە.

سەرۆکی یەنەکە دووپاتیشی کردووەتەوە، یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە لەو وادەیەدا و پێشوازیی لە پێشنیازەكەی كۆمسیۆن دەكەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی وتووە: پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەستبە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی بكەن و پێكەوە لەپێناو كوردستانێكی بەهێزتر و داهاتوویەكی پرشنگدارتر هەنگاوبنێن و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەبنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان و ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان تێكەڵی ململانێ ناڕەواكان نەكرێت.

لە کۆتایشیدا سەرۆکی یەنەکە وتیشی، پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانە بوێری دەوێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بێگومان ئامادەیە.

هـ.ح

Comments are closed.