هانۆڤەر، دژی داگیرکاریی لەبەردەم کونسولخانەی تورکیا چالاکی بەڕێوەچوو

هانۆڤەر

لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە هانۆڤەری ئەڵمانیا، دژی بێدەنگی و بێهەڵوێستی دەسەڵات و دەزگا نێودەوڵەتییەکان لە بەرانبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان، گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری هانۆڤەر بەڕێوەچوو، لەژێر دروشمی “وەرن پێکەوە ببین بە یەک هێز و لەدژی فاشیزم هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدەین”.

بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژمارەیەک رێکخراوی پەنابەران و دانیشتوانی کوردی شاری هانۆڤەر و دەوروبەری و ژمارەیەک ئەندامی چەپەکانی ئەڵمان، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی لە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری هانۆڤەری پایتەختی هەرێمی نیدەلزاکسنی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

دوای وەستانی خولەکێک بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان، راگەیاندراوی بەشداربووان لە لایەن حەکیمە یوسف هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کوردستانیانی گۆڕەپانی باکور (FED-MED) لە هەرێمەکانی نیدەلزاکسن، برێمەن هامبۆرگ بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە.

دواتر لە لایەن محەمەد لەتیف کەرەکاش، ئەندامی بەڕێوبەریی فیدراسیۆنی کوردستانیانی گۆڕەپانی باکور (FED-MED) لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیا بە زمانی کوردی وتەیەکی پێشکەش کرا.

پاشتر یاسر محەمەد، هاوسەرۆکی مەجلیسی فیدراسیۆنی کوردستانیانی گۆڕەپانی باکور (FED-MED)یش قسەی کرد و باسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بارودۆخی چوارپارچەی کوردستانی کرد.

یەکێک لە بەشداربووان بەناوی عالیە ئاکنجی لەبارە داگیرکارییەکانی تورکیا وتی: بەهۆی ئەوەی کە هێرشێکی چەپەڵی تورکەکان بۆ سەر هەرچوارپارچەی کوردستان هەیە، ئێمەش وەکو گەلی کورد لە ئەوروپا لێرە کۆبووینەوە، هەڵوێستی دەوڵەتی تورکی فاشیستی داگیرکەر شەرمەزار دەکەین.

ئەوەشی وت: دەمەوێت بڵێم لە کەسایەتی شەهیدانی کوردستاندا، یادی شەهیدبوونی شەهید دیار غەریب بکەمەوە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنوێنم، دەوڵەتی تورکی فاشیست و داگیرکەر ئەو داگیرکارییانەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بەڕێوە دەبات و دەچێتە هەر شوێنێک ئەو شوێنە پیس دەکات و وێرانی دەکات و هەموو شوێنێکی پیس کردووە.

عالیە وتیشی: هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش شەرمەزار دەکەین، هەموومان دەزانین کە باشوری کوردستانیش رووبەڕووی قەتلوعامی زۆر بونەتەوە تا مافی خۆیان وەدەست خست، ئێستاکە رێگەی داوە دەوڵەتی تورکیا خاکەی داگیر بکات و داوایان لێدەکەین کە هەڵوێستیان رابگەینن و نەبنە هۆکاری قەتلوعام لەسەر پارچەکانیتری کوردستانیش، جارێکیتر دەڵێینەوە با ببینە یەک.

نەورۆز زەردەشت، گەنجێکی باشووری کوردستانە، لەو چالاکییە بەشدار بووە و وتی: ئێمە وەکو دانیشتوویەکی شاری هانۆڤەر، دژی هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر خاکی کوردستان و خەڵکی سڤیل، وەکو کوردێکی دانیشتووی ئەوروپا، داوا دەکەم لە هەموو رێکخراوە ئازادیخوازەکانی کوردستان دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بێدەنگ نەبن.

دواتر بەشداربووانی چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمەکان “دیکتاتۆر ئەردۆغان”، “شەهید نامرن” کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا.

س.ح

 

Comments are closed.