لە پێکدادانێکدا لە هەورامان دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژران

شەوی ڕابردوو، لە گوندی بلبر سەربە سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کورستان، پێکدادانێک لە نێوان هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران و هێزێکی نەناسراو ڕوویداوە و دوو ئەندامی سوپا کوژراون.

بڕیارگەی ‘حەمزە سەید شوهەدا’ی سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرایکرد، لەو پێکدادانەدا، ئەندامێکی بەسیج و کارمەندێکی بەڕێوبەرایەتی شارەدێی سەوڵاوا کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربووە.

سوپای پاسداران هەوەرەها ئەو لایەنە نەناسراوەی بە “گروپێکی دژبەری شۆڕش” ناوبردووە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز کە پشتی بە سەرچاوەکانی بەستووە، لەو پێکدادانەدا، کەسێک بەناوی جەمال کەیمی بەرپرسی بنکەی ‘بەسیج’ی هەورامان و کەسێکی دیکە بەناوی محەمەد کەرەمی کوژراون و کەسێکی دیکەش بەناوی محەمەد مورادی برینداربووە.

تا ئێستا هیچ هێزێکی کوردی بەرپرسیارێتی ئەو پێکدادانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

ش.ف

Comments are closed.