هیوا مەحمود عوسمان: چارەسەری کێشەی کورد لە ئیمراڵییە

هیوا مەحمود عوسمان، چاودێری سیاسیی دەڵێت: تورک ئامانجییەتی هیچ بوونێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمێنێت، چەپڵە لێدان و ڕۆشتن لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان و چاوپۆشییکردن لێی لە بەرژەوەندی کورددا نییە و جەختدەكاتەوە، پەکەکە بە ١٠٠ هێرشی تر لەناوناچێت، تاکە چارەسەری کێشە کورد لە ئیمراڵییە دەبێت ئەردۆغان ئەو ڕێگایە بگرێتەبەر.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، هیوا مەحمود عوسمان، چاودێری سیاسیی لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان و هێرشەکانی سەر هەولێر، هاوکات هۆکار و مەترسی ئەو هێرشانە و بێدەنگیی لایەنە سیاسییەکان و حکومەت و پەرلەمان لەبەرامبەردادەدوێت.

هێرشەکانی سەر هەولێر بۆچی دەگەڕێتەوە؟

“پەیوەندی بە ڕێکەوتنی پەدەکە و سەدرەوە هەیە”

هیوا مەحمود عوسمان: چەند هۆکارێکی هەیە، بەشێکی پەیوەندیی بە نێوان ئێران و ئەمریکاوە هەیە، ئێران بەشێوەیەکی ئاشکرا بە ئەمریکا دەڵێت عێراق هی ئێمەیە و ئێوە بۆتان نییە تێکەڵی ئەو هاوکێشەیە ببن، هەروەها پەیوەندیی بە ڕێککەوتنی پەدەکە و سەدرەوە هەیە، کە لایەنە شیعەکان دەڵێن ناوماڵی شیعەی پەرتکردووە، بۆیە ئێران وەک تۆڵەسەندنەوەیەک ئەمە دەکات، وەک پەیام ناردن بۆ پەدەکە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی بابەتی بەرهەمهێنان و ناردنەدەرەوەی غازی سروشتیی لە هەرێمی کوردستان، ئێران ترساوە، چونکە پێداویستی غاز لە هەرێم و عێراق، لە ئێران دەکڕدرێت و  لەلایەن ئێرانەوە ئەم بڕە پڕدەکرێتەوە و قازانجێکی زۆری دەستدەکەوێت، بۆیە ئێران لەمە دەترسێت هەربۆیەش ماڵی شێخ بازی بەرپرسی کۆمپانیای کاری کردە ئامانج، بەرپرسێکی ئێران وتبووی ئێمە موشەکەکانمان نارد چەند پەیامێکی تێدایە با خۆیان شرۆڤەی بۆ بکەن.

ڕاتان چییە لەسەر پەیوەندییەکانی پەدەکە و تورکیا؟

“نابێت پەوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لەسەر حسابی بەشەكانی تری كوردستان بێت”

هیوا مەحمود عوسمان: پەیوەندیی بەستن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاساییە، بەڵام نابێت لەسەر حسابی کوردی پارچەکانی تر بێت، بەڕای من ئەوە کارێکی کوشندەیە، تورکیا بە بیانووی پەکەکە پەلاماری باشووری کوردستان دەدات، ئەوە چلەمین هێرشە دەیکات پەکەکە هەر تەواونابێت، چل هێرشی دیکەش بکات پەکەکە لەناوناچێت.

تورکیا بەو هێرشانە چی دەستدەکەوێت؟

“توركیا دەبێت ڕێگەی ئیمرالی بگرێتە بەر و چارەسەر لەوێیە”

هیوا مەحمود عوسمان: نابێت کورد لەگەڵ ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان بڕوات، دەبێت دەسەڵاتدارانی کورد پێی بڵێن ئەو سیاسەتە هەڵەیە، کێشەی کورد بە پەلاماردانی قەندیل و شەنگال و ڕانیە و کونەماسی و شوێنەکانی تر چارەسەرنابێت، دەبێت بە ڕێککەوتن بکرێت و چارەسەرەکەشی لە ئیمراڵییە، لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل، دەبێت ئەردۆغان ئەو دوو ڕێگا بگرێتەبەر.

بۆچی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم بێدەنگن لەو هێرشانە؟

“تورکیا هەرشتێک بکات پەدەکە چاوپۆشی لێدەکات”

هیوا مەحمود عوسمان: لە کوردستان تێکەڵی حزبی، زۆر کاریگەریی کردووەتە سەر پرسە گشتییەکان، ئێستا بەهۆی ناکۆکیی پەکەکە و پەدەکەوە، تورکیا هەرشتێک بکات پەدەکە چاوپۆشیی لێدەکات، لەکاتێکدا پەدەکە و هەموومان باش دەزانین بە ١٠٠ هێرشی وەها پەکەکە لەناوناچێت، پەکەکە بە چەک لەناوناچێت، دەبێت بە دیالۆگ و ڕێگاچارەی ئاشتییانە بگەنە چارەسەر لەگەڵیان، ڕادەستبوون نا بەڵام وەک کورد قبوڵبکرێن.

چی بەو لایەنە دەڵێن پشتیوانیی لە سیاسەتی ئەردۆغان دەکات؟

“ئەمڕۆ پەکەکە تەواوبکات بەیانی یەنەکە و پەدەکەش تەواودەکات”

هیوا مەحمود عوسمان: چەپڵەلێدان و ڕۆشتن لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان و چاوپۆشیکردن لێی لە بەرژەوەندیی کورددا نییە، ئەمەی کە ئێستا دەکرێت وەردە وردە تورک بوونی خۆی فراوانتر دەکات لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر سبەی پەکەکەش لێرە بڕوات تورک دەرناچێت لێرە، ئەمڕۆ پەکەکە تەواوبکات بەیانی یەکێتی و پارتییش تەواودەکات.

ئایا تورکیا بەتەنها دووژمنی پەکەکە یە؟

“ئەردۆغان دژی هەموو شتێکی کوردییە”

هیوا مەحمود عوسمان: دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان دژی هەموو شتێکی کوردییە، لە یابان پێشانگایەک بۆ فۆتۆگرافەرێکی کورد کرایەوە لە ئەنقەرە بانگی باڵیۆزی یابان کرا و لێپرسینەوەی لێكرا، دەڵێن نامەنەوێت لە ڕۆژئاوا قەوارەیەک وەک باکووری عێراق دروستببێت، ئەو پەلامار و هێرشانەی کە بەبیانووی پەکەکە دەیکات بۆ تێکدانی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئیسپاتی بکات بۆ دەرەوە، کە کورد هی ئەوە نییە ناوچەیەکی بەدەستەوەبێت و حکومڕانیی بکات.

ئامانجی سەرەکیی تورکیا چییە؟

“تورک ئامانجییەتی هیچ بوونێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمێنێت”

هیوا مەحمود عوسمان: تورک ئامانجییەتی کە هیچ بوونێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمێنێت، هەڕەشەکانیشی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لەو چوارچێوەیەدایە، کە کورد لەو ناوچانە تێکبدات بەلایەوە گرنگ نییە بکەونە دەستی داعش و گرووپە توندڕەوەکان تەنها کوردی تێدانەبێت.

س.س

Comments are closed.