زەوییەکانی دەوروبەری دەریای ورمێ خوێ دایان دەپۆشێت

سێشەممە, 6 سبت 2016 – 13:55 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

لە ئەگەری بەردەوام بوونی وشکبوونی دەریای ورمێ، ٢٠٤ هەزار هەکتار لە زەویەکانی کشتوکاڵی دەورووبەری دەریایەکە دەبن بە زەوییەکی بە خوێ داپۆشراو.

شەمس فەیزوڵاهی، بەڕێوەبەری ئاو، خاک و کاروباری ئەندازیاری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند:”لە ئەگەری بەردەوامبوونی وشکبوونی دەریای ورمێ، نزیک بە ٢٠٤ هەزار هەکتار لە بەبەرهەمترین زەویەکانی کستوکاڵی ئێران لەناودەچن، بەهۆی ئەوەی خوێ تەواوی زەوییەکانی داپشیوە”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ هەموو بانگەشەکانی دەوڵەت بۆ ژیانەوەی دەریای ورمێ، ئەو دەریایە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بەرەو وشکبوون دەڕوات.

فەیزوڵاهی راشیگەیاندوە، کە ئەگەر دەریای ورمێ وشک بێت، ژیانی نزیک بە شەش ملیۆن کەس لە نیشتەجێیانی دەوروبەری ئەو دەریایە دەکەوێتە مەترسیەوە، لە ئەگەری وشکبوونی دەریای ورمێ هەموو ناوچەکانی دەوروبەری دەبنە بیابان و زەوی بە خوێ و داپۆشراو، ئەو ناوچانە ناچار دەبن لەوێ کۆچ بکەن.

هەروەها بە وشكبوونی دەریای ورمێ گیا و لەوەڕی ناوچەکەش لەناو دەچێت، بە لەناوچوونی گیا و لەوەڕی ناوچەکە ئاژەڵداریش نامێنێ و بەشێکی زۆر بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و گۆشتی ئێران دەوەستێت.

س.ح

Leave A Reply