حەوت مانگە حکومەت لە کفری ڕێگایەکی تێکداوە و چاکی ناکاتەوە

گەرمیان

ماوەی چەندین مانگە پڕۆژەی بەجووتسایدکردنی دەروازەی شارۆچکەی کفری ڕاگیراوە، شۆفێران بە وەرزی هاوین و زستان لەم شەقامەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکە دەڵێت: ئەگەر بودجە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار تەرخاننەکرێت هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

بە هاوینان تەپوتۆز و بەزستانان قوڕولیتە، ئەمە دۆخی جووتسایدە تەواونەکراوەکەی دەروازەی شارۆچکەی کفری سەربە ئیدارەی گەرمیانە، کە لەبەر تەرخاننەکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکە، کۆمپانیای جێبەجێکار ئامادەنییە کاری تێدابکات، جووتسایدەکە لەجێی ئەوەی سیمایەکی جوان بەدەروازەی شارۆچکەکە ببەخشێت، بەردەڵان و تەپوتۆزی پێبەخشیوە.

پڕۆژەی جووتسایدکردنی دەروازەی شارۆچکەی کفری، پێشتر یەک سایدێکی قیرتاوی پارچە پارچەبوو، گوژمەی پڕۆژەکە لەسەر ماوەی ڕێگای کەلار-کفری بۆ تەرخانکراوە، تێکڕای درێژییەکەی هەزار و ٨٠٠ مەترە.

حەوت مانگ بەر لەئێستا دەست بەکارکردن لەسەری کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەمتر لە ٦٠% تەواوکراوە و دۆخێکی خراپی بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەشی پێشەوەی ئۆتۆبێلەکان خولقاندووە.

ستار حەمید

ستار حەمید، مامۆستا و چالاکی مەدەنی دەربارەی تەواونەکردنی ڕێگاکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕێگاکە پێشتر قیرێکی خراپبوو، بەنیازی چاککردنەوەی قیرەکەیان لابرد، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار هەموو کەرەستەکانی کشاندەوە بەبۆنەی تەرخاننەکردنی بودجەی پڕۆژەکە.

ئەم ڕێگایە لەهاویناندا تۆز و خۆڵە لەزستانیشدا دەبێتە قوڕ و لیتە، پێش دەستپێکردنی هەر پڕۆژەیەک دەبێت کولفەی تەواوەتی لەبەردەست بێت تاوەکو بتوانیت پڕۆژەکە تەواو بکرێت، نەک بەنیوە چڵی بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دەروازە و ڕێگایەکی سەرەکییە کە ناوچە عێراقییەکان و کوردییەکان پێکەوە گرێدەدات، دەبوایە سیمایەکی جوانی هەبوایە، بەبۆنەی ئەم ڕێگا خراپەوە تەندروستی مرۆڤ و بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکان هەموویان تێکچوون، داواکارین لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، بەزووی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکە تەرخانبکات، بۆ ئەوەی ڕێگاکە تەواوببێت.

محەمەد ئیبراهیم

محەمەد ئیبراهیم، شۆفێرێکە کە ڕۆژانە بەو ڕێگایەدا دەچێتە سەرکار بۆ ڕۆژنیوز وتی: قیرە پارچە پارچەکەی پێشتر لەم تەپوتۆزە باشتربوو، ئەوانەی ڕۆژانە بەمڕێگایەدا تێپەڕدەبن یاخود کارەکانیان لەسەر ئەم ڕێگایەیە تەپوتۆز وێرانیانی کردووە، لەکفری هەر شتێک کە بەمەستی چاککردنەوە تێکیدەدەن دواتر خراپتر دەبێتەوە، چەندین مانگە ئەم ڕێگەیەیان تێکداوە، خۆزگە وەکو خۆی بمایەتەوە.

وتیشی: پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: “چاکی مەکە با خراپتر نەبێت” ئیدارەی شارۆچکەکە پێی چاکناکرێتەوە بۆ تێکیدەدات؟ هەر بەشێوەکەی خۆی باشتربوو کە قیرەکەی لەم خۆڵە باشتربوو.

 

عەلی خورشید

هاوکات عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی لەبارەی پڕۆژەکە و وەستانی کارکردنەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەو بودجەیەی بۆ ڕێگای کەلار-کفری تەرخانکرابوو زیادە مایەوە، ئێمەش تەرخانمانکرد بۆ دووسایدی دەروازەی کفری بەدیوی کارێزدا، کۆمپانیای جێبەجێکار بەهۆی نەبوونی پارەوە کارکردنی ڕاگرتووە تاوەکو پارەیان بۆ سەرف دەکرێت، گەر پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار تەرخان نەکرێت دەست بەکارکردن ناکاتەوە.

هـ.ح

 

 

Comments are closed.