دۆخی ڕاستەقینەی منداڵان لەپشت ڕەنگ و دروشمەکانەوە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵانە، کە لە زۆربەی وڵاتاندا بە ئاهەنگ و مەراسمی جیاوازی یادی دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی نابیرێت و لە پشت ڕەنگە سوور و زەردەکانەوە شاردراوەتەوە دۆخی ئەو منداڵانەیە، کە وڵاتەکەیان بەهۆی سیستەمی دەسەڵاتەوە لە جەنگدان یاخود هەژاری و برسێتی تەنگی پێهەڵچنیوون.

یه‌کی‌ حوزه‌یرانی‌ هه‌موو ساڵێک وه‌ک ڕۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان دیاریکراوە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان ڕێککەوتنامەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافەکانی منداڵانیان واژۆ کردووە، بەڵام هەر بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتخوازی و چاوچنۆکی ئەو دەوڵەتانە، منداڵان لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندروستدا دەژین و ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە و قوربانیی یەکەمی سیاسەتی شەڕ و داگیرکارییەکانن.

له‌ساڵی‌ ١٩٥٩دا ڕێکخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان جاڕنامه‌ی‌ جیهانی‌ مافه‌کانی‌ منداڵانی‌ ڕاگه‌یاند، له‌ساڵی‌ ١٩٨٩دا ڕێکه‌وتن له‌باره‌ی‌ جاڕنامه‌که‌وه‌ کراو ١٩١ ده‌وڵه‌ت له ‌جیهاندا پابه‌ندبوونی‌ خۆیان به‌ ڕێکه‌وتننامه‌که‌وه‌ پیشاندا .

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان چوونەتە ناو ئەو ڕێککەوتنامەیە، بەڵام منداڵان لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندروستدا دەژین و ڕووبەڕووی توندوتیژی و سەختی گوزەران دەبنەوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ بوونیان هەیە.

بەپێی ئامارەکانی یونسێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەتە بە پاراستنی مافەکانی منداڵان، لە تەواوی جیهان نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن منداڵ ڕۆژانە کەمتر لە یەک دۆلاریان هەیە و بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی خێزانی و تەندروستی و کەمی خۆراک دەبنەوە.

ئیستا هەریەک لە ئەفغانستان، سووریا، یەمەن، نەیجیریا، لیبیا، سۆماڵ، لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەن کە منداڵان تیایاندا قوربانی یەکەمە و زیاتر لە نیوەیان بێبەشن لە چاودێریی خێزانیی و حکومەت، بەهۆی توندوتیژییەوە لە پێنج خولەک جارێکدا منداڵێک گیانلەدەستدەدات.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەنجومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، زیاتر لە ٣٧ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون پێشبینیش دەکرێت بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئۆکراین و ڕوسیا و توند بوونەوەی زیانەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژەکە زۆر زیاتر بەرزببێتەوە.

دۆخی منداڵان لەعێراق

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی دیاردەی کارکردنی منداڵان و تەنانەت بازرگانی کردن بە منداڵان تێیدا بەزەقی دەرکەوتووە، شارەزایانی کۆمەڵناسی و پسپۆڕان، هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە، کە بریتین لە: خراپی ڕەوشی ئابووری، نەبوونی پلانی بنەماڵەکان بۆ منداڵ خستنەوە، زوو هاوسەرگیری کردن (واتە هاوسەرگیری کردن پێش تەمەنی ١٨ ساڵ) و قوڵبوونەوەی ململانێ سیاسیییەکان.

بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی یونسێف لە پێنج منداڵی عێراقیدا دووانیان گیرۆدەی هەژاری و ناچار بەکارکردنن، کە دەکاتە سێیەکی کۆی منداڵانی ئەو وڵاتە پێویستیان بەهاوکاری هەیە و بەشێک لەو منداڵانەش وازیان لەخوێندن هێناوە.

هەروەها بەپێی بەدواداچوونێکی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، کە لەناو خێزانەکانی عێراق ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە بەهۆی شەڕ و قوڵبوونەوەی گەندەڵیی، کارکردنی منداڵان زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپرسییەکە، کە لەسەر ٤١١ خێزان و ٢٦٥ منداڵ ئەنجامدراوە، نزیکەی ٪٩٠ی خێزانەکان “یەک یان زیاتر لە منداڵەکانیان کار دەکەن”، کە نزیکەی ٪٧٥ ئەم منداڵانە کاری سەخت و مەترسیدار ئەنجامدەدەن وەک کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.

لەپاڵ هەژاری و کارکردنی منداڵاندا، جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ مۆتەکەیەکی دیکەن بۆ منداڵانی عێراق، لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ڕێکخراوی یونسێفدا ئاشکرا کراوە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ٢٠١٨ – ٢٠٢٣، لە عێراق بەھۆی پاشماوەی جەنگ و بۆمب و تەقینەوەکانەوە ٥١٩ منداڵ گیانیانلەدەستداوە یاخود کەم ئەندام بوون، کە ٨٠٪ی ئەو منداڵانە کوڕ بوون.

ڕەوشی منداڵانی کورد

وێڕای هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان کراوە، تا ئێستاش زۆرینەی منداڵانی کورد لە بچوکترین مافەکانیان، کە خوێندنە بە زمانی دایک بێبەشن، لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە هەموو شێوەیەک زمانی دایک بۆ منداڵان قەدەغە لە ناوەندەکانی خوێندندا، لە ڕۆژئاوای کوردستان-یش پاش شۆڕشی ئەو پارچەیە خوێندنی کوردی بۆ منداڵان فەراهەم کرا، بەڵام هێشتا حکومەتی سووریا بە فەرمی نەیناساندووە.

بۆردومان و هێرشی داگیرکەرانیش ژیانی زۆربەی منداڵانی ناوچە سنوورییەکانی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە و کەشێکی نائارام و ناسەقامگیری دروستکردووە، بەدەر لە زیانە گیانییەکان و کەمئەندابوونی منداڵان، کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵاکان دروستدەکات، کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا تاکێکی توندوتیژ و نائارامی لێدەربچێت.

ئەمانەی باسکران دڵۆپێکن لەو تاوانانەی بەرامبەر منداڵان دەکرێت و ڕێکخراوەکانیش هەوڵدەدەن لەژێر دروشمی پاراستنی مافەکانی منداڵان  و ڕەنگە زەرد و سوورەکانی ئاهەنگەکانی یەکی حوزەیراندا پەردەپۆشی بکەن و سەرەنجی جیهانی لەسەر لابدەن.

ش. ئـ

Comments are closed.