ئاسایشى پەدەکە گوهدار زێباری ئازاد ناکات و تۆمەتی نوێی بۆ هەڵدەبەستێت

ناوەندی هەواڵەکان

دوای کۆتایی هاتنى ماوەى سزاکەی لە زیندان، ئاسایشى هەولێر جارێکی دیکە گوهدار زێباری دەباتەوە زیندانى ئاسایش و ڕێگری لە ئازادبوونى کرد و تۆمەتێکی دیکەى بۆ دروستکرد، بڕیاریشە لەسەر سکاڵایەکی دیکە هەفتەى داهاتوو دادگایی بکرێتەوە.

ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری دوای مانەوەى زیاتر لە سێ ساڵ لە زیندان، ماوەى سێ ڕۆژە سزاکەى تەواو بووە و بڕیار بوو شەوی ڕابردوو ئازاد بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە ئاسایشی پەدەکە بە بیانویەکى لاواز گوهداری ئازاد نەکرد و ئەگەری هەیە هاوشێوەى شێروان شێروانی سزای نوێی بەسەردا بسەپێنرێت.

ئامەد پیران یەکێک لە چالاکوانەکانى بادینان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئێمە چاوەڕوان بووین شەوی ڕابردوو گوهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی بەڕێوەبەری ئاسایش لە ئاهەنگی یادی دامەزراندنى پەدەکە و لەدایکبوونى بارزانییە، گوهدار ئازاد نەکرا.

وتیشی: ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەدوای هۆکاری ئازادنەبوونى گوهداردا چووین، پێیان وتین کە گوهدار زێباری لە کاتى دەستگیرکردنیدا چەکی پێ بووە، بۆیە سکاڵای لەسەرە و ڕەنگە ڕۆژی یەک شەممەى داهاتوو بە تۆمەتى هەڵگرتنى چەک دادگایی بکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چەکە تاپڕی ڕاوکردن بووە و هی خۆشی نەبووە.

ئەو چالاکوانە ئاشکراشی کرد، بەهۆی هێشتنەوەی و ئازاد نەکردنی گوهدار زێباری، مانی گرتووە لە خواردن، دەشڵێت: پێشبینی ئەوە دەکەین لەسەر ئەو سکاڵایەی کە لەسەریەتی سزا بدرێت و ڕێگە لە ئازادبوونى بگرن.

لە ئێستادا گوهدار زێباری بەهۆی درووستکردنی دۆسییەیەکی تر بۆی، بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک دووبارە ڕاگیرایەوە لە زیندان، هاوکات پاریزەرانی زیندانییانی بادینان لەگەڵ ئازادییخوازان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئازاد کردنی. گوهدار زێباری، لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەلایەن ئاسایاشی پەدەکە دەستگیر کرا و دواتر بە چەند تۆمەتێکی هەڵبەستراو و دروستکراو بە مادەی ١٥٦ـی یاسای سزادانی عێراقی سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لە شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێم سزاکەی بەڕێژەی ٦٠% کەمکرایەوە.

هـ.ح

Comments are closed.