زیندانییانی سیاسیی کوردستان: داواکاریین بکوژى دەنیز جەڤدەت دەستگیر بکرێت

ناوەندى هەواڵەکان

فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان بڵاوى کردەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بکوژی دەنیز جەڤدەت ناسراو بە “دەنیز هێڤی” دەستگیر بکەن و دادگایی بکەن و بۆ ڕای گشتی ئاشکرای بکەن.

پاشنیوەڕۆى دوێنێ ١٨ى ئەیلول دەنیز جەودەت، ناسراو بە دەنیز هێڤی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، لە نوێنەرایەتى کەنەکە لە شاری هەولێر تیرۆرکرا.

لەو بارەوە فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، تیرۆرکردنی دەنیز هێڤی بە توندی ئیدانە دەکەین، ئەو تاوانە کارێکى ڕەشی وڵاتانی داگیرکەریی کوردستانە.

دەشڵێن، دەنیز هێڤی کەسێکی سڤیلی بێتاوان بوو تا دوا چرکەساتی ژیانی لە پێناو یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لە ئاستی چواربەشی کوردستان تێکۆشا.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەنیز هێڤی خەڵکی باکووری کوردستان بوو، بەڵام خاوەن پرەنسیپی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بوو، هەولێر و هەر شوێنێکی تری کوردستانی بە ماڵى گەورەی خۆی دەزانی.

لە کۆتایدا هاتووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بکوژی دەنیز هێڤی دەستگیر بکەن و دادگایی بکەن و بۆ ڕای گشتی ئاشکرای بکەن.

ئـ.م

Comments are closed.