کونجیی شارەزوور پێگەیشتووە و جوتیاران بە هەرەوەزی دروێنەی دەکەن

هەرێم قادر

لە دەشتی شارەزوور وەرزی دروێنەکردنی  کونجیی دەستی پێ كردووە، جووتیارانیش باس لەوە دەکەن، لەم چەند ساڵانەی دواییدا خواست لەسەر کونجی زیاد بووە، بۆیە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بە کونجی داچاندووە.

كونجی جگە لەوەی بۆ خواردن خواستێکی زۆری لەسەرە، لە درووستكردنی هەویركاریی بەكاردێت، وەک بەرهەمێكیش لە چوارچێوەی پیشەسازیی خۆراكیی كشتوكاڵییدایە، بە تایبەت بۆ درووستكردنی ڕاشی و بەرهەمهێنانی زەیت.

كونجی بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، یەکێک لەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەیە، كە مرۆڤ لە كۆنەوە پێی ئاشنا بووە و گرنگی بە چاندنی داوە، کونجی ڕێژەیەكی بەرچاو زەیتی تێدایە، زەیتەكەشی پڕە لە ترشی ئەمینی و پرۆتین و دژە ئۆكسانیشە، بۆیە لە هەندێک وڵات وەک چارەسەر بۆ نەخۆشیی بەكاردێت.

نیشتمانی سەرەكی كونجی، ئەسیوپیایە و دواتر بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئێستا ئەم بەرهەمە بە شێوەیەكی فراوان لە ناوچە كەمەرەییەكانی هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەفەریقیا دەچێندرێت، نزیکەی ٦٨٪ـی کونجیی جیهان لە هیندستان، بۆرما، چین و سوودان بەرهەم دێت.

لە هەرێمی كوردستانیش چاندنی ئەم بەرهەمە كشتوكاڵییە مێژوویەكی درێژی هەیە، پێشتر بە ڕووبەری زۆر فراوان دەچێندرا، دواتر ڕووی لە كەمی كرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی زیادبوونی كارگەکانی ڕاشی و زەیت لە كوردستان جارێكی دیكە چاندنی ئەم بەرهەمە بە تایبەت لە هەردوو پارێزگای دهۆک و سلێمانی و ڕووی لە زیادبوون كردووەتەوە.

سەلام عەلی
سەلام عەلی

ئێستا لە دەشتی شارەزوور ساڵانە نزیکەی ھەزار دۆنم زەوی بە بەرھەمی کونجی دەچێنرێت، لە مانگی حوزەیراندا دەست دەکرێت بە چاندنی و لەگەڵ ھاتنی وەرزی پایز پێدەگات و لە مانگی تشرینی دووەمدا دەست دەکرێت بە دروێنەکردنی.

سەلام عەلی کە ئەمساڵ زەوییەکەی بە کونجی داچاندووە و بە ڕۆژنیوزی وت: من ئەمساڵ کونجیی کوردی خۆماڵییم کردووە، کونجی بۆ ڕاشی بۆ ڕۆن و کولێرە و چۆرەک لە کارگە و بازاڕەکاندا بەکاردەھێنرێت.

وتیشی: ئێستا وەرزی پایزە باران بارین نزیکە، جووتیار ھەمووی بە خێرایی دەستی کردووە بە دروێنەکردن و کۆکردنەوەی بەرھەمەکەیان بۆ ئەوەی پێش وەرزی باران بارین ھەموو ئیشوکارەکەی تەواو بکات.

باسی لەوەش کرد، ماوەی چەندین ساڵە جووتیاران زۆر گرنگی بەو بەرھەمە دەدەن، بەپێی ساڵەکانیش نرخەکەی جیاوازە یەک کیلۆی لە دوو ھەزارەوە تا سێ ھەزار دینار دەڕوات، دەشڵێت: خاک و ئاوی شارەزوور زۆر گونجاوە بۆ بەرھەمھێنانی کونجی، جووتیاران زیاتر کونجی کوردیی خۆماڵی بەرهەم دەهێنن.

ئارام ڕەشید
ئارام ڕەشید

ئارام ڕەشید کرێکار بە ڕۆژنیوزی وت: لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، کونجیی دەشتی شارەزوور پێدەگات، ھەموو جووتیاران سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرھەمەکانیانن، چوونکە لەم کاتەدا باران بارین نزیکە و پێویستی بە خۆکۆکردنەوەی دەست و برد ھەیە، ئەوەش لە ڕێگەی کرێکار و ھەرەوەزی دەبێت بۆ ئەوەی ئیشەکە زوو کۆبکرێتەوە.

وتیشی: بە هەرەوەزیی لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ـی بەیانییەوە ئێمە دێینە سەر کار، تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئێوارە بەدەم قسەوباسی خۆشەوە ئیش دەکەین، ئێستا لە شارەزوور زۆر گرنگی بە بەرھەمی کونجی دەدرێت، ساڵانی ڕابردوو بەرھەمەکە نەمابوو لادێکان بەرە و چۆڵبوون ڕۆشتبوون، بەڵام ئێستا خەڵک ڕوویکردووەتەوە کشتوکاڵ، بە تایبەتی بەرھەمی ماش و کونجی گوڵەبەڕۆژە.

ش. ئـ

Comments are closed.