دایک و باوکی پەروەردەکار چۆنە؟

ناوەندى هەواڵەکان

پسپۆڕێکى پەروەردەیی دەڵێت، دایک و باوکی باش و دڵسۆز دەبێت پەروەردەکار بێت، نەک تەنها بەخێوکار، وە هەمیشە بەرپرسیارانە و خەمخۆر و دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، دەشڵێت، دایک و باوکى پەروەردەکار کاتی تایبەت بۆ منداڵەکانیان تەرخان دەکەن و لەگەڵیاندا بەتایبەتى بۆ گەڕان و یاری کردن.

سۆران ڕەسوڵ، پسپۆڕی پەروەردەیی لەبارەى ئەوەى دایک و باوکى پەروەردەکار دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن ڕاگەیەندراوێکى بلاوکردەوە، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە.

دایک و باوکی باش و دڵسۆز دەبێت پەروەردەکار بێت، نەک تەنها بەخێوکار، وە هەمیشە بەرپرسیارانە و خەمخۆر و دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن بە چەند هەنگاوێک لەگەڵیاندا.

دایک و باوکی پەروەردەکار چۆنە؟

یەکەم– فێری قەناعەتیان دەکەن بەرانبەر ژیان و نیعمەت و خەڵاتە خواییەکان، بۆ هاوکاری و پاڵپشتی کەسانی دیکە هەمیشە ئامادە و سوپاسگوزاریش بن.

دووەم– فێریان دەکەن شەرم و ڕێز و ویژدان و ڕاستگۆیی و دەستپاکی بەشێکە لە کەسێتی بەهێزی ئەوان، بۆیە نابێت هەرگیز بیدۆڕێنن.

سێیەم– فێریان دەکەن سوود لە ئەزموونی کەسانی دڵسۆز و شارەزا وەربگرن، بەڵام هەرگیز خەڵک نەکەنە پردی پەڕینەوەی خۆیان بۆ سەرکەوتن.

چوارەم – شەوانە کاتێک منداڵەکەیان دەخەوێت لە ژوورسەری دادەنیشن، لە ناخی دڵەوە بەبێ چرپە هەندێک نزای خێریان بەسەردا دەخوێنن، هەتا لە دژوارییەکان پارێزراوبن و لە ژیانیدا بە قەدر و شکۆداربن.

پێنجەم– کاتێک سفرە و خوان ڕادەخرێت، بەڕوویەکی گەش و دەم بە خەندەوە پێشوازی هاتنە سەر سفرەیان لێ دەکەن، نەک بە منەت و ڕووشکاندن و بێزاریی و هەڕەشەوە.

شەشەم– کاتێک کارێکی باش ئەنجام دەدەن یاخود سەرکەوتنێک تۆمار دەکەن، لە ئامێزیان دەگرن و سەریان ماچ دەکەن و پێیان دەڵێن: ئافەرین، دەست خۆش، هەربژیت.

حەوتەم– فێر دەکرێن هەمیشە حەزیان بە چاکەخوازی و مرۆڤدۆستی و بەهاناوەچوون و دڵسۆزانە کارکردن بێت.

هەشتەم– کاتی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکەن لەگەڵیاندا بۆ گەڕان و یاریکردن.

نۆیەم– فێری خوداناسییان دەکەن و چەمک و بەها باڵاکانی ئیسلامیان پێ ئاشنادەکەن وەک خۆی، چونکە سەرچاوەی بەختەوەری خۆیان و کۆمەڵگەکەیانە.

دەیەم– بە هۆشیاری و ئاگاییەوە فێری تەکنەلۆژیایان دەکەن بەپێی تەمەن و وادەی دیاریکراو، لەبەر زیانە گەورەکانی تەندروستی جەستەیی و کەسێتی و پاراستنی ڕەوشت و بەهاکانیان، بە مەرج و ڕێککار و چاودێری باش، هەتا ئالوودە و گیرۆدە نەبن.

یانزەیەم– کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە بە متمانە و چوست و چالاکانە و گوڕوتینەوە بەڕێیان دەکەن.

ئ.م

Comments are closed.