” گرنگترین ڕێگری بەردەم پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك نەبوونی متمانەیە”

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، گرنگترین ڕێگرییەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك بریتیە لە نەبوونی متمانە و ناكۆكی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردن و چارەنووسی شارەكە.

ئەحمەد حەیدەر ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بارەی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

ئەحمەد حەیدەر بە كەناڵی”بەغداد الیوم”ی ڕاگەیاند، كەركووك پێكهاتەی هەمەچەشنی تێدایە و یەكێكە لە پارێزگا ئاڵۆزەكان، هەروەها ناكۆكی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردن و چارەنووسی شارەكە هەیە، هەروەها متمانە لەنێوان سیاسییەكان نییە، بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی لە ڕابردوودا ئەنجامیان داوە، كە ئەم بێ متمانەییان درووست كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانرێت حكومەتی خۆجێی پارێزگای كەركووك پێكبهێنرێت و بەڕێوەببرێت، جگە لە پێكهێنان و درووستكردنی كۆدەنگی سیاسی، چونكە كەركووك شارێكی فرە پێكهاتەیەیە، هەروەها دەستێوەردانی بەغدا لە چارەسەركردنی كێشەی كەركووك پێویستە.

دەشڵێت، لەژێر چاودێری سوودانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی لایەنە براوەكانی كەركووك كۆبوونەوە هەبووە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك كە هەموو لایەنەكان ڕازی بكات، یان لانیكەم خاڵی دەستپێك بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە دیاری بكات، بەشێوەیەك بتوانرێت حكومەتی خۆجێی كەركووك پێكبهێنرێت.

ڕوونی كردەوە، دەتوانرێت كێشەكان لە چەند كاتژمێرێكدا چارەسەر بكرێت یان بۆ چەندین مانگ بە هەڵپەسێردراوى بمێنێتەوە، بابەتەكە پێویستی بە ئیرادە و پێشكەشكردنی داواكاری ڕاستەقینە هەیە.

پێشتر خالید شوانی وەزیری دادای عێراق ڕایگەیاندبوو، هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئیدارەی داهاتووی كەركووك و دانانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن، لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە لە قۆناغی كۆتایدایە، هەروەها سوودانی چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنەكانی كەركووك ئەنجام دەدات و پۆستەكان یەكلایی دەكرێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.