تا دوو هەفتەی تر بایکۆت بەردەوام بێت پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت

بنار هیدایەت

حکومەت مووچەی سێ مانگی نەداوە لەبەر ئەمەش ئەمڕۆ ٥٣ ڕۆژە بایکۆتی مامۆستایان لە کۆیە، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە، بەپێی بڕیاری یونسکۆ، گەر تا دوو هەفتەی تر بایکۆت بەردەوام بێت، لە تەواوی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ پەک دەخرێت.

بە گوێرەی كارنامە و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی پەروەردە، دەبوو تا ئێستا بەشێكی زۆر لە بەرنامەی ئەمساڵی خوێندن تەواو بكرایە، بەڵام ٥٣ ڕۆژە لە کۆیە، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە.

بەپێی وتەی ئەندامێكی دەستەی ناڕازیی مامۆستایان ئەگەر تا دوو هەفتەی ئاییندە بایكۆت بەردەوام بێت، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن ڕێكخراوی پەروەردەیی و زانست و كەلتووریی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونسكۆ)وە پەکدەخرێت.

مامۆستا دڵشاد میرانی ئەندامی دەستەی ناڕازیی مامۆستایان لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: داواكارییەكان تەنها خۆی لە پێدانی مووچە نابینێتەوە، بەڵكوو چەندین داواكاری ڕەوای تر هەیە و لە ئەگەری جێبەجێ نەكردنیان بایکۆت بەردەوام دەبێت.

وتیشی: ئەم بایكۆتە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و شارۆچکەی كۆیە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان هەیە، بەڵام ڕێكخراوی یونسكۆ بە یەك چاو تەماشای هەموو پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان دەكات، ڕێكخراوەكە خوێندكارانی هەولێر و دهۆك وەك خوێندكارانی سلێمانی و ناوچەكانی دیكە تەماشا دەكات، ئەگەر تا دوو هەفتەی تر بایكۆت بەردەوامی هەبێت و بەپێی بڕیاری ڕێكخراوەكە لە ٣٥٪  بەرنامەی خوێندن تەواو نەكرێت، لەلایەن یونسكۆوە خوێندنی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان بە ئیفلیج ئەژمار دەكرێت و پەکدەخرێت.

سەبارەت بە مووچە دزراوەکانیان لەلایەن حکومەتەوە وتی: تا ئەم كاتە ٣٨ مووچەمان لای حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەپێی زانیارییەكانمان مووچەكانی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ـی مووچەخۆران دەفەوتێت ئەگەر مووچەی مانگی ٩ نەفەوتێت، لە ساڵی ٢٠١٤ وە ٣٧ هەزار مامۆستا خانەنشین كراون، هیچ مامۆستایەك نەخراونەتە شوێنیان

هەروەها جەختی لە داواکارییەکانیان کردەوە وتی: داواكارییەكانمان خۆی دەبینێتەوە لە پلە بەرزكردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی شایستە داراییەكانی مامۆستایان، هەروەها دانانی ئەو پاشەكەوتەی ساڵانی ڕابردوو وەك كارتی بانكی بۆ پێدانی پارەی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكە و پێدانی مووچەكانمان.

ب. هـ

Comments are closed.