شاخەوانیی؛ کەلتوورێک بۆ درووستی دەروونیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

باڵەکایەتی

شاخەوانیی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، وەک وەرزشێک دیاریی کراوە، بە شێوەی تاک یاخوود گرووپ گەشتە شاخەوانییەکان ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین گرووپی شاخەوانیی هەن و گرنگی بەو بوارە دەدەن، شاخەوانێک دەڵێت: “شاخەوانیی جەستە و دەروونێکی تەندرووستمان پێ دەبەخشێت.”

ماوەی چەند ساڵێکە لە شوێنە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و لەناو گەنجان و ژنان وەرزشی شاخەوانیی تا ئاستی بە کەلتووربوون ڕۆیشتووە و ھەفتانە چەندین گرووپ و ڕێکخراوی ژینگەیی و شاخەوانی گەشت بۆ لوتکەی شاخەکان و ناو سروشت ئەنجام دەدەن و شاخەوانان ئەم گەشتانە بە پێویست دەزانن بۆ ھەموو کەسێک.

شاخەوانانی ھەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانن ھەموو کەسێک کاتێکی دیاری کراوی ھەبێت بۆ ئەوەی لە جەنجاڵی شار و کێشە و گرفتە تایبەتی و گشتیەکان دوور بکەوێتەوە، دەشڵێن: ئێمە بە ئامانجی ئاسوودەیی دەروونیی و جەستەیەکی تەندرووست ھەفتانە گەشتی شاخەوانیی و مانەوە لەناو سروشت ئەنجام دەدەین.

ھیوا رەحمان
ھیوا رەحمان

ھیوا رەحمان یەکێک لە شاخەوانەکانەکانە و دەڵێت: درووستکردنی کەشێک لەگەڵ کۆمەڵێک ھاورێ و دۆستانم کە ھەفتانە گەشتی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەین ئاسودەیی زۆر بە رۆح و جەستەمان دەگات و لانی کەم لە گرفت و کێشەکان کەمێک دوورەکەوینەوە.

ھیوا دەشڵێت: ئەم جۆرە چالاکیانە گرنگی زۆریان ھەیە ھەر لە لایەنی جەستەیی نا بەڵکوو ھۆکارێکی گرنگیشە بۆ ئەوەی تاکەکانمان لە شوێنە جیاجیاکان یەکتری بناس و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەھێزبێت و پێکەوە کاتی خۆش بەرێ دەکەین.

تاڤگە مراد وەک ژنێکی شاخەوان ئاماژە بەوە دەکات، کە کاریگەری گەشتە شاخەوانی و کەمپەینی شاخەوانی زۆر زیاتر بۆ ژنان گرنگە و پێویستە، چونکە بەشێکی زۆری ژنان لە چوارچێوەی ماڵ یان سنوورێکی دیاریکراوی شاردا دەژین ئەوەش دووچاری ماندووبوون و ھیلاکیەکی زۆری ژیانی ڕۆژانەی کردوون، بۆیە ئەگەر بێنە ناو سرووشت و شاخەوانیی ئەوا سوودی زۆری تەندرووستی و دەروونیان پێ دەگات.

تاڤگە مراد
تاڤگە مراد

تاڤگە دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ گرووپێک لە دۆستان ھەفتانە گەشتی جۆرا و جۆر ئەنجام دەدەین ئەوەش ھەستێکی زۆر خۆشی بۆ درووستکردووین و وای کردووە، کە لەناو سروشت و شاخەوانییدا زۆر سوود ببێنین، بۆیە پێویستە لەسەر ھەموو کەسێک بەپێی کات و توانای بەشداریی ئەم جۆرە چالاکیانەبێت.

لە ھەرێمی کوردستان چەندین گرووپ و ڕێکخراوی شاخەوانی ھەن، کە ھەفتانە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بۆ گەنجان و ژنان و بەساڵاچوان ڕێکدەخەن و سەدان کەس لە ھەفتانە بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش بە شاخ و گردەکان ھەڵدەگەڕێن و شەوان کەمپینی مانەوە دەکەن لەناو سرووشت، ئەمەش وای کردووە شاخەوانیی تا ئاستێکی باش ببێتە کەلتوور.

ش. ئـ

Comments are closed.