لە ئاسمانەوە تارمایی درۆن و زەمین لەژێر پۆستاڵی جەندرمەی توركدا

بنار هیدایەت

لە مێژووی حکومڕانی كوردییدا، تا ئێستا بەشێوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو، کوردستان نەبووە بە مەیدانی تەراتێنی جەندرمە و درۆنی تورکی، ئەمەش بەهۆی بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم و چاوساغی پەدەکە بۆ سوپا داگیرکەرەکەی ئەردۆغان.

ئەو درۆنەی لە ئەنقەرەوە درووستکراوە و لە ناو هەرێمی کوردستانەوە دەفڕێت و ئاسمانی هەرێمی کوردستانی تەنیوە.

بایراقدار؛ ئەو درۆنەی تایبەت بۆ شەڕی کورد درووستكراوە و بە چاوساغیی و سیخوڕیی زەمینی لەلایەن پاراستنی پەدەکەوە دەفڕێت و بۆردوومان دەکات، لە پاش هەر بۆردوومانێکی درۆنەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، دەمودەست دژە تیرۆری پەدەکە پێش هەموان بڵاوی دەکاتەوە و بۆ دڵخۆشکردنی ئاغاکانیان لە ئەنقەرە، دەڵێن “چەکداریی پەکەکە” کراوەتە ئامانج، کە زۆرجار بە ئاشکرابوونی ناسنامەی قوربانییە مەدەنییەکان بە درۆ دەکەونەوە.

ئەوەی پرسیارە لای هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و ڕای گشتی، درۆنێک گەر لە ئەنقەرەوە هەستابێت چۆن کون و کەلەبەری باشووری کوردستان شارەزایە؟ یاخود چۆن لە ناو ملیۆنان مرۆڤدا، وڵاتپارێزێک یان ئازادییخواز یان شۆڕشگێڕێک دەکاتە ئامانج؟ گەر چاوساغیی ناوخۆ نەبێت!

بە جۆرێک تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سنووری بادینان و بناری قەندیل و دەڤەری ڕاپەڕین ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراقدار لە جۆری TB-2  لە شوێنی مەدەنینشین کەوتوونەتە خوارەوە، هەندێکیان کەوتوونەتە حەوشە یان سەربانی ماڵان، جگە لەو درۆن و هێلیکۆپتەرانەی، کە گەریلاکانی ئازادیی لە چالاکییەکانی خۆیاندا خستوویانەتە خوارەوە.

هەروەها بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا زیاتر لە ١٦٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە شەهید بوون و نزیکەی ٣٠٠ کەسیش بریندرابوون.

هاوکات بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ١٥٨ گوند چۆڵکراون و زیاتر لە ٦٠٠ گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.

ئێستا درۆن بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لەگەڵ ئاسمانی هەرێم و جێ پێی پۆستاڵی جەندرمەی تورك دەیان کیلۆمەتری ئەم خاکەی گڵاو کردووە، خاكێك، بە خوێنی هەزاران کیژ و لاو ئاو دراوە و سنگی ڕۆڵەکانی بووە بە سپەر و قەڵغان بۆ پاراستنی، کەچی لە مەنگەنەی خیانەت و بەرژەوەندییە کەسی و حزبی و بنەماڵەییەکانی سێ بارزانییەکەدا بووە بە ماڵی دوژمن.

تەنها ئەوە ماوە، سبەینێ لە بەردەم قەڵاتی هەولێری فرۆشراودا، پارێزگاری هەولێر بە ناوێكی تۆرانی و تورك زمان و ئەقڵییەتێکی پانتورکیزم و بە كلێتەیەكی سورەوە بە توركی بە دەسەڵاتدارانی پەدەکە بڵێت:”بین ئەربیل ڤالیسییەم.”

ب.گ

Comments are closed.