خۆری سەركردەیەكی گەنج بەرەو ئاوابوون چوو

بنار هیدایەت

سەركردەیەك لە ناوەندە سیاسییەكەی عێراق، سەركردەیەك هەرێمێكی سوننە و نزیكبوونەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و بارزانی و سەدر، خۆری ژیانی سیاسیی بەرەو ئاوابوون برد و كرایە دەرەوەی یارییە سیاسییەكانی عێراق.

شەوی كودەتا

هەفتەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی سیاسیی گۆڕەپانی عێراقی هەژاند، چاوە سیاسیی و میدیا جیهانییەكان لەسەر بەغدا بوو، شەوێك بەغدا كەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، زۆرینەی سوننەكان بە كودەتای مەزهەبییان زانی و شیعەكان بە تۆڵەكردنەوە ناویان برد، سوودانی بە سەرۆكی پەرلەمان ناوی برد و دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دا، بە كاروانێكی ئۆتۆمبێلەوە حەلبووسی گەیشتە ماڵی محەمەد شیاع سوودانی، بە ڕوونی بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی وت ئەمە كودەتایە و بێدەنگ نابم، دواجار بە بڕیارەكەی دادگا لەژێر فشارە نێودەوڵەتییەكان ڕازی بوو و دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بەڵام لە جموجۆڵە سیاسییەكان نەكەوت، ئێستا داوا دەكرێت هەرچی زووترە بدرێت بە دادگا و تۆڵەی بە هەرێمبوونی سوننەی لێ بكرێتەوە لە ژێر ناوی گەندەڵیدا.

لەیس دلێمی لە دۆستەوە بۆ دوژمن

پێشتر و دوای بەربوونی لە زیندان پێنج ساڵ تۆمەتی داعشبوونی درایە پاڵ، دوای ئازادبوونی هاوڕێی نزیكی حەلبوسی بوو، پەرلەمانتاری سەر بە لیستەكەی سەرۆكی پەرلەمان بوو، دوای ناكۆكییەكانی لەگەڵی، حەلبووسی نامەیەكی ساختەكراوی خولی پێشووی دلێمی خستە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتی، پەرلەمان لە دلێمی قەدەغەكرا، بەڵام هاوڕێ كۆن و بە وەفاكەی حەلبووسی دادگای خستە ناو یارییەكە و دەیان بەڵگەی دژی سەرۆكی پەرلەمان جوڵاند، سەرئەنجام لەیس هەڕەمی دەسەڵاتی حەلبووسی شكاند و لە ترۆپكی بەهێزییەوە حەلبووسی هێنایە خوارەوە، بەوەش نەوەستا بەڵگەی لەسەر تێكەڵاوبوونی لە دەیان دۆسییەی گەندەڵی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی عێراق ئیسرائیلی لە دژ جوڵاند، ئەو تۆمەتە نە عێراقییەكان قبوڵی دەكەن نە قەوارەكانی ناو پەرلەمان، بەوە خۆری گەنجێكی سەركردە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاوا بوو، پێدەچێت جارێكی دیكە ناوێك نەمێنێت بە ناوی محەممەد حەلبووسی لە ناوەندە سیاسییەكەی عێراقێكی پڕ كێشەدا.

نزیكبوونەوە لە بارزانی و سەدر و ئیسرائیل و هەرێمی سوننە

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا عێراقییەكان، محەممەد حەلبووسی دەستی بۆ چەند كارتێكی سیاسیی بردووە، لەوانە درووستكردنی هەرێمێكی سوننە بۆچوونی بارزانی لە بەرامبەر حەلبووسی گۆڕیوە و وەك دۆست ناساندویەتی، چونكە بە درووستكردنی هەرێمێكی سوننە، بارزانی پەڵەی ڕیفراندۆمێكی دۆڕاوی لە كۆڵ دەبووەوە و دەستی بۆ هەرێمی كورد دەبرد، جیا لەوە سەدر باشووری عێراقی وەك هەرێمی شیعە دەناساند بەوەش عێراق بەسەر سێ هەرێمی “كوردی سوننی شیعی” دابەش دەبوو ئەوەش نەخشەی جوگرافیای وڵاتێكی لە یەك پارچەییەوە بۆ سێ پارچە دەگۆڕی، جیاواز لەوە ئاساییكردنەوەی پەیوەندی “عێراق – ئیسرائیل” یەكێك بوو لەو كارتانەی دژ بە حەلبووسی جوڵێنرا، بەوەش دادگای فیدراڵی عێراق هیچ چارەیەكی لەبەردەم نەمایەوە بۆ سزا نەدانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، گۆڕینی بەڵگەنامەی ساختە و هەژمارە بانكییەكان حەلبووسی لەسەر شەقامی عێراقی ناشرین كرد، بە جۆرێك لە ئێستادا داوای توندترین سزا دەكرێت لەسەر حەلبووسی جێبەجێ بكرێت.

لە ئەنبارەوە بۆ پەرلەمان

محەممەد ڕێكان حەدید حەلبووسی لەدایكبووی ١٩٨١ ی پارێزگای ئەنبارە، لە عەشیرەتی كەربولییە، ژیانی سیاسیی لە دوای دوو مانگ بەسەر کەوتنی ڕژێمی بەعس دەست پێ دەكات، لە شارەوانی ڕوومادیی و بەرەو پارێزگاری ئەنبار و تاكە كاندیدی هەموو سوننەكان بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەستێرەی بەختی حەلبووسی بەرەو گەشانەوە برد بە جۆرێك دوو خول سەرۆكایەتی هەستیارترین دەزگای شەرعی عێراقی وەرگرت، لە ئەنجامی سەرەڕۆییەكانی لە هەڕەمی دەسەڵات هێنرایە خوارەوە.

دەرئەنجامەكانی دوای حەلبووسی

لە ئێستادا چەند بۆچونێکى جیاواز لەسەر حەلبووسی هەیە، بەشێك لە بۆچوونەكان داوای دوورخستنەوەی یەكجارەكی حەلبووسی دەكەن لەسەر شەقامە سیاسییەكە و سوننەكان بە كودەتای مەزهەبی ناوی دەبەن، حەلبووسی بە گڕ و تینەوە داوا لە لایەنگرانی حزبی تەقەدوم دەكات بەشداریی كارایان هەبێت لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەدا، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بازی بەختی حەلبووسی بەرز دەبێتەوە، یا خۆری پیاوێكی شیكپۆش و سەركردەیەكی گەنج لە عێراقێكی پڕكێشمە و فرە مەزهەب و زمان ئاوا دەكات…!

Comments are closed.