ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ماوەى ٦٣ ڕۆژە لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە

ناوەندى هەواڵەکان

ماوەى ٦٣ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لەوکاتەوە ڕێگە نادرێت پارێزەرانى چاویان پێ بکەوێت.

سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور ڕفێندراوە و ماوەی ٦٣ ڕۆژە بێسەروشوێنە.

لە پاش ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستدا، ئاسایشی دهۆک ڕایدەگەیەنن، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە پووچ و ناڕاستانە.

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، لە ١ـی تشرینی یەکەمەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی و بەشداریکردن لە پرسەی باوکی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاسای و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی ٦٣ ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە.

دواتر ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى ٢٢ى مانگى ١١ى ئەمساڵ نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە کاتی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدەوە ئێمە هەوڵدەدەین بیبینین و دۆسییەکەی بخوێنینەوە، سەردانی ئاسایشی گشتیی لە دهۆکمان کرد، سەرەتا بە بیانووی ئەوەی، کە لەوێ نییە ڕێگرییان لێ کردین، هەرچەندە دڵنیابووین، کە لەوێیە و زانیارییمان هەبوو لە چی شوێنێکە لەناو ئاسایشی دهۆک، دواتر وتیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانن بیبینن.

باسى لەوەشکرد، لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی خۆمانەوە زانیارییمان پێگەشت، کە کەیسەکەی لە ژێر دەستی دەزگای پاراستنە، وەکو تیمێکیش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵی خۆمان بەگەڕ دەخەین.

ئـ.م

Comments are closed.