پەدەکە چۆن بووەتە شەریکی داگیرکەران بۆ لەناوبردنى باشووری کوردستان؟

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتى داگیرکەری تورکیا بۆ لەناو بردنى کورد و دەستکەوتەکانی و داگیرکردنى خاکی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و چاوساغی پەدەکە هێرش و جموجۆڵەکانى زیادی کردووە، لەناوخۆی هەرێم بەشێوازی جۆراو جۆر پەدەکە بووەتە شەریکی ئەو پیلانەی دەوڵەتى داگیرکەری تورک.

ڕۆژانە دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەسەرانسەر باشووری کوردستان بۆردوومانی ناوچەکان دەکات و هاوڵاتییانى مەدەنى دەکاتە ئامانج، ئازادییخوازان تیرۆر دەکات و داراستان و ژینگەى کوردستان وێران.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر ٨٥ بنکەو بارەگای دامەزراندوە و بە قوڵایی ٣٥ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

دەوڵەتى تورک ڕێگاو جادەی بۆ بەرزترین شوێن بردووە و بنکەو بارەگای لێدامەزراندووە، هاتووچۆی گوندنیشینانی لە سنوورەکان قەدەغە کردووە و ڕێگە و بان بە هاوڵاتییان دەگرێت و ئۆتۆمبێلەکانییان دەپشکنێت، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانیش ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان دەکاتە ئامانج وەک ئەوەى لەچەند ڕۆژی ڕابردوو دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنى لە سنووری ئامێدی بۆردوومان کرد.

لە هەموو ئەو داگیرکارییانەدا پەدەکە لەڕووی سەربازی و هەواڵگیری و ماددییەوە هاوکاری دەوڵەتی تورک، کاتێک داگیرکەر بارەگا درووست دەکات و ئەو ڕێگای بۆ ڕادەکێشێت، کاتێک بۆردوومان دەکات ئەو ئامانجی بۆ دیاری دەکات، کاتێک ئازادییخوازان تیرۆر دەکات زانیاری پێدەدات.

هەفتەى ڕابردوو پەدەکە بە فەرمانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک سێ گوندی لە سنووری ئامێدی بە دانیشتووانەکەى چۆڵ کرد و هەڕەشەی ئەوەى لێکردن بگەڕێنەوە گوندەکانییان سزای توند دەدرێن، دوو ڕۆژ دوای چۆڵکردنى ئەو سێ گوندە دەوڵەتى داگیرکەری تورک تۆپبارانی ماڵ و خانووەکانى کردو ڕووخاندنى بۆ ئەوەى نەگەڕێنەوە ناوچەکانییان.

زۆر بە ئاشکرا و بە بەرچاوی ڕایگشتی گەلی کوردەوە، پەدەکە ڕێگای داگیرکردن و دروستکردنى زۆرترین بنکەو بارەگا بۆ دەوڵەتى تورک خۆش دەکات، ئەمە وایکردەوە دەوڵەتى تورک خێراتر خاکی باشوور داگیر بکات و ئێستا نزیک بووەتەوە لە شارە گەورەکانى وەک ئامێدی و ئاکرێ و سۆران و تەنانەت ناوچەى بارزانیش.

لەڕووی هەواڵگیرییەوە پەدەکە و دەوڵەتى تورک ژووری ئۆپەراسیۆنى هاوبەشیان هەیە و کارمەندانی میت لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی پەدەکە شوێنیان هەیە و کار دەکەن، ئەوەتا کاتێک دەوڵەتى تورک بۆردوومان دەکات، پەدەکە دەم و دەست و هەر لەگەڵ بۆردوومانەکە لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى پاراستن ئەنجام بۆردوومانەکە بڵاودەکانەوە، ئەوەش بەڵگەى تەواوە لەسەر بوونى پلانی هاوبەشیان لە هێرشە داگیرکاریەکانییان.

لە ٣٠ ساڵى ڕابردوودا دەوڵەتى تورک بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک لە هەرێمی کوردستان دژی گەلی کورد وەستاوەتەوە و هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج، خاک و دارستانی هەرێم وێران دەکات و دەسوتێنێت، بەڵام پەدەکە تەنیا جارێک هەڵوێستى بەرامبەر دەوڵەتى تورک نیشان نەداوە، بەڵکو بەپێچەوانەوەى ئەوەى پێی کرابێت بۆ هاوکاریکردنى کردوویەتى.

بەڵام کاتێک لە ١٥ی ئەم مانگە ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر هەولێر و ١٠ کەس کوژران و پێشتریش هێرشی کردە سەر ماڵی شێخ باز، پەدەکە و ماڵی بارزانى دونیایان هێنایە سەر خەت و بەرامبەر ڕژێمی ئێران هەڵوێستیان نواند، ئەمە بەو مانایە نییە کە هێرشەکەى ڕژێمی ئێران ڕەوا بووە، بەپێچەوانەوە ئەم هێرشەش هاوشێوەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک داگیرکارییە و بۆ لەناوبردنى گەلی کوردە و هیچ پاساوێکی نییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ماڵی بارزانى و پەدەکە بەرامبەر هێرشە ناڕەواکەى ئێران هەڵوێستیان توندە، بەڵام بەرامبەر هێرشە ناڕەواکانی دەوڵەتى تورک بێدەنگ و هاودەست و هاوکارن؟

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا زیاتر لە ١٦٠ هاوڵاتیی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە شەهید بوون و نزیکەی ٣٠٠ کەسیش برینداربوون، ئایا ئەمانە کورد و هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان نین؟ ئەگەر پەدەکە و ماڵی بارزانى لەسەر خوێنی ٤٦٠ کەس نەیەتە دەنگ ئەی لەسەر چی تر دێتە دەنگ و کەی هەڵوێستى دەبێت؟

هـ.ح

Comments are closed.