“تواناکانی ژنان سامانێکی گەورەن پێویستە پشتیان پێ ببەسترێت”

هەرێم قادر

ژنان خاوەن توانا و لێهاتووییەکی بێ وێنەن لە هەموو کایەکانى ژیاندا، بۆیە دەبێت متمانە و باوەڕییان بە خۆیان هەبێت، ژنە پەرلەمانتارێکی پێشووش دەڵێت: تواناکانی ژنان سامانێکی گەورەن پێویستە پشتیان پێ ببەسترێت.

لە هەر کۆمەڵگە و سەردەمێکدا بێت بەربەست و ڕێگری لەبەردەم توانا و لێهاتوویی و پێشکەوتنەکانی ژناندا درووست کراوە و دەکرێت، لەپاڵ ئەوەشدا تێکۆشان و کۆڵنەدانی ژنان بێوچان بەردەوامیی هەیە و توانیویانە جێدەستیان لە زۆربەی کایەکانی ژیاندا هەبێت، ژنانی باشووری کوردستانیش ھەنگاوی باشیان ناوە بۆ ئەوەی بەسەر ئاستەنگەکاندا سەربکەون و بگەن بەو ئامانجەی کە بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان هەیانە.

بەھار مەحموود
بەھار مەحموود

لەو بارەوە بەھار مەحموود ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: ڕۆڵ و پێگەی ژنان پێشکەوتنی باشی بە خۆوە دیووە، بەڵام لە ئاستی داوا و خواستەکانی ئێمەدا نییە، بەتایبەت لە بواری سیاسیی و بازرگانییدا، نەتوانراوە وەک پێویست شوێن پێی خۆمان جێگیر بکەین، ئێستا پێویستمان بەوەیە ھەیە ژنان لەو بوارەدا زیاتر بچنەوە پێشەوە، جەختی کردەوە، ھەر بوارێک ژنان تێیدا بەشدارنەبن ئەو بوارە سەرکەوتوو نابێت بۆشایی تێدا درووست دەبێت.

هۆکاری ئەوەی نەتوانراوە بگەن بە خواست و ئامانجە دیاریکراوەکان، دکتۆرە بەھار گەڕاندییەوە بۆ ئەو بەربەستانەی لە بەردەم ژناندا درووست دەکرێن، کە ئاستەنگ درووست دەکەن بۆ هاویشتنی هەنگاوی خێرا و کاریگەر، هاوکات بەشەکەی تریشی گەڕاندەوە بۆ داب و نەریت و پاشان بۆ هۆشیاریی و متمانە بوونی ژنان بە خۆیان، کە ئەوە خێزان و کۆمەڵگە بەشدارن تێیدا و وتی: پێویستە داب و نەریتەکانی کۆمەڵگە کاریان لەسەر بکەین بەشێوەیەک کاریگەرییەکانیان کەم بکرێتەوە، نەک دژی بووەستینەوە.

بەھار مەحموود باسی لەوەشکرد، وەک سەرجەم بوارەکانی دیکەی ژیان، حکومەت کەمتەرخەمە لە ئاست ژنان، لەکاتێکدا توانا و لێهاتووییەکانی ژنان سامانێکی ئابووریی گەورەن و دەبێت بۆ پێشخستنی دۆخی ئابووریی پشتیان پێ ببەسترێت.

وتیشی: لەبری ئەوەی دەسەڵات ڕووبکاتە ئەو سەرچاوە بەنرخە و سوودی لێ ببینێت و بەرهەمی ناوخۆ و خۆماڵیی پێ دەوڵەمەند بکات، بەپێچەوانەوە لە ڕێگەی هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی تواناکانی ژنان دەکوژێت.

خەندە کەمال
خەندە کەمال

یەکێک لە ژنانی خاوەنکاری هەڵەبجە بە ناوی خەندە کەمال دەربارەی هەمان پرس بە ڕۆژنیوزی وت: ژنانی دەست ڕەنگین پێویستیان بە پاڵپشتی و ئاسانکاریی حکومەتە، بۆ دەستخستنی کەرەستە و ماددە سەرەتاییەکانی، کە لە بەرهەمەکاندا بەکار دەهێنرێن، لە ئەنجامیشدا بەرهەمەکان بە تێچووییەکی کەمتر درووست دەکرێن و هاوڵاتیانیش زیاتر دەتوانن سوودیان لێ ببینن و بیان کڕن،

هاوکات داواشی کرد، کە هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی کۆنترۆڵ بکرێت، تا زیاتر پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان ببەسترێت.

ئەو ژنە دەست ڕەنگینە وتیشی: ئێستا بنێشتی کوردی ھەڵەبجە بەشی لە ٩٪ـی ھەموو کوردستان دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی سروشتیە ئەو بنێشتە ئێران دەیکڕێت، لە بەرامبەریشدا ئەوەدا بنێشتی چینی دەھێننە ھەڵەبجە.

خەندە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهێزبوون و پێشکەوتنی بەرهەمەکانی ژنان بەشێک لە هۆکارەکەی پەیوەستە بە هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگە، کە بە گرنگییەوە تەماشای بەرهەمی خۆماڵی و ناوخۆیی بکەن و بۆ دەستخستنی هەر کاڵایەک پەنا نەبەنە بەر بەرهەمی دەرەکیی.

ش. ئـ

Comments are closed.