سارا ڕەزا: شۆڕش بەبێ ژن سەرکەوتن مسۆگەر ناکات

سلێمانی

سارا ڕەزا باس لەوە دەکات، کە ڕێبەر ئاپۆ وتویەتی، “هەر شۆڕشێک ژن پێشەنگایەتی نەکات، ئەوا نە بە شۆڕش دادەنرێت، نە سەرکەوتنیش مسۆگەر دەکات، هەر بۆیە ئێستا تێکۆشانی کوردان بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت و ژنان بزوێنەری سەرەکیی ئەو شۆڕشەن.

لەبارەی گرنگیی و کاریگەریی بەشداری ژنان لە تێکۆشان و شۆڕش لەپێناو ئازادییدا، سارا ڕەزا ئەندامی دەستەى هاوسەرۆکایەتى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە و سەرکەوتنی باکوور و ئەزموونی ڕۆژئاوای بە نموونە هێنایەوە.

سارا ڕەزا لە سەرەتادا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی کرد، کە لە باکووری کوردستان بەدەستهات و ئیرادە و دەنگی گەل پارێزگارییان لێکرد، هەروەها وتی: ئێستا گەلی کورد خاوەن تێکۆشان و شۆڕشێکە، کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، لە سەرجەم بوارەکانی سیاسیی، سەربازیی، دیپلۆماسایی و پەروەردەییدا ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

وتیشی: ئێمەی ژنانی کورد بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بەرامبەر ئەقڵییەتی پیاوسالاریی سەرمایەداریی وەستاوینەتەوە، خاوەن ئیرادە و ناسنامە و شووناسی خۆمانین، بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ژنێکی کۆیلە و ئەقڵیەتییەکی داخراو و پاشکۆوە، بووینەتە ژنێک کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکات.

بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کرد، بەشێک لەو ژنانەی ئێستا لە کایەی سیاسییدا دەرکەوتوون و بوونەتە دەنگی ژنانی دیکەی کۆمەڵگە، تەنها بە ڕووکەش ژنن و لە ناوەوە هەڵگری ئەقڵیەتێکی پیاوسالارن، بۆیە نەتوانراوە کاریگەریی و جیاوازیی گەورە بهێننە ئاراوە.

تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەگەر بێتوو ئەو ژنانە بە ئەقڵیەتێکی بوونی ژنەوە کاریان بکردایە و ڕۆڵیان هەبووایە، ئەوا ئێستا وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و شنگال دەبوونە نموونەی باڵا و خۆشیان و کۆمەڵگەکەشیان لە کۆت و بەندی کۆیلایەتی سیستم ڕزگار دەکرد.

جەختی کردەوە، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی و خولقاندنی گۆڕانکاریی ئەرێنی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ئەو کۆت و بەندانە بشکێنن.

سارا ڕەزا باسی لە سەرکەوتنی مەزنی باکووری کوردستان کرد و وتی: بە پێشەنگایەتی ژنان و بە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی”، لە ناوجەرگەی فاشیزمی ئەکەپە و مەهەپەدا سەرکەوتنێکی مێژووی تۆمار کرا، کە هەموو ئەو ستەم و فشارەی دەسەڵاتی ئەدۆغان بەرامبەر گەلانی تورکیا ئەنجامی دەدات بێ واتاکران.

هەربۆیە دەکرێت بڵێین، شۆڕشی ئازادیی ژن دەروازەیەکە بۆ تێپەڕ بووون لە دۆگماتیکی چەپ و ڕاست، ئەوە پێهەڵگرتنێکی ڕادیکاڵ و چاونەترسانەیە بەروە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی، کە هەم بواری هزری و هەمیش بواری ڕێکخستنی لە خۆ دەگرێت و زۆر جیاوازە لە شێوازەکانی بەڕێوەبەری کلاسیک.

کۆمەڵگەبوون هەمیشە لە گۆڕانکاری و وەرچەرخاندا بووە، بەڵام هەندێ گۆڕانکاری هەیە پێیان دەوترێت شۆڕش، بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە چەندین شۆڕشی وەک “زمان، کشتوکاڵ و گوند، شۆڕشی سەردەمی بەردینی نوێ- شۆڕشی نیۆلیتیک” هەڵگیرساوە، لەو شۆڕشانەشدا ژن ڕۆڵی پێشەنگی هەبووە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەی دەستنیشان کردووە، کە شۆڕشی کوردستان وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و شۆڕشی ژنان بەرپا دەبێت، چونکە ڕێبەر گەیشتووە بەو ڕاستییە و دەڵێت: ئەگەر شۆڕشێکی ڕیشەیی ژن ئەنجام نەدرێت، واتا گۆڕانکاری لە زهنیەت و ژیانی پیاودا ڕوونادات، ڕزگاری ژیان جێگای باس نابێت، چونکە تا ژن ڕزگاری نەبێت، کە خودی ژیانە ئەوا بە ردەوام ژیان وەک سەرابێک بەسەر دەبرێت.

ڕێبەر ئۆجالان جەختدەکاتەوە، تا ئاشتەوایی پیاو لەگەڵ ژیان و ژن بەدینەیەت ئەوا بەختەوەریش خەیاڵێکی پووچە، لە پێناو ژن و ژیانی ئازاددا ڕاستییە کۆمەڵایەتیەکان بێسنوورن، کۆمەڵگا و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاکامی ئەو شارستانی و فەتحکارییەی لە لایەن مۆدێرنیتەوە دووچاری هاتووە لە ناوەڕۆکی خۆی خاڵییان کردوووە و بە دۆخی ئۆبژە گەیشتووە، شیکارکردنی کێشەی کۆمەڵگا لە ڕێگای ژنەوە و لە میانەی هەمان دیاردەشەوە هانگاونان بۆ چارەسەرکردنی پەیڕەو و میتۆدێکی ڕاستە، تەنیا کاتێک شۆڕشی “ژن- دایکی” ڕێگەچارەکان- بەسەر دایکی کێشەکاندا بسەپێنرێت ئەوکاتە لە میانەی هەنگاوی ڕاستەوە دەتوانین بە حەقیقەت بگەین.

ش. ئـ

Comments are closed.