سەبری ئۆک: پیلانەکانی پشت ١٥ـی شووبات نەهاتنە دی

ناوەندی هەواڵەکان

سەبری ئۆک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕایگەیاند، کە دەبێت هەموو گەلان بەشداریی لە ڕێپێوانی ١٧ـی شووبات لە کۆڵن بکەن، چونکە کاریگەریی لەسەر داهاتوومان دەبێت، دەشڵێت، پیلانەکانی پشت پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ـی شووبات لە دژی ڕێبەر ئۆجالان نەهاتنە دی.

سەبری ئۆک، ئەندامی دەستەی بەرێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکییدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی ستێرک تیڤیدا، هەڵسەنگاندن بۆ پەرەسەندنەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئەمە بەشێکە لە چاوپێکەوتنەکەی سەبری ئۆک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە:

لە بەشێک لە قسەکانییدا، سەبری ئۆک، سەرنج دەخاتەسەر ئەو چالاکییانەی بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەر کردنی ئازادیی جەستەیی بەڕێوەدەچن و وتی، دەبێت هەمووان بە گیانی سەفەربەریی  و لەو پەڕی ئامادەباشییدا بەشداریی لە ڕێپێوانەکەی کۆڵن لە ئەڵمانیا بکەن.

دەشڵێت، کاتێک ئێمە لە مێژووی راپەڕینەکانی گەلی کورد دەڕوانین، دەبینین کە بەردەوام رووبەڕووی پیلانگێریی بوونەتەوە، ڕاپەڕینەکان لە رێگەی پیلانگێڕییەوە ناوەخت دەستییان پێ کراوە، یاخود بە گەمەکردن، راستی و دروستی و لەناخەوەبوونی کەسایەتی کورد پیلانگێریی ئەنجامدراوە، بە لەسێدارەدان یاخود شێوازەکانی دیکە ڕێبەرانی سەرهەڵدانەکان شەهید کراون، هێزە داگیرکەرەکان و پیلانگێڕەکان بەو رێبازە چەپەڵانە ئەنجامیان بەدەستهێنا، بە بڕوای ئەوان، لە رێگەی پیلانگێڕیی ١٥ـی شوباتەوە لە دژی سەرۆک ئاپۆش ئەنجام بەدەستدەهێنن، بەڵام ئەوە نەهاتەدی.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئاماژە بەوەش دەکات، قۆناغی یەکەمی پیلانگێڕی رادەست کردنی رێبەرایەتی بە دەوڵەتی تورک بوو، قۆناغی دووەم لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەبوو و قۆناغی سێهەمیش بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆ بوو، بە لێکدانەوەیەکی بەم جۆرە هەڵیانکوتایە سەر پەکەکە، هەوڵیان دا بە کۆمەڵ زۆر کەس لە پەکەکە داببڕێنن و بزوتنەوەکە لەبەر یەک هەڵبوەشێننەوە، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، بەڵام پیلانگێڕیەکە ئەنجامدرا.

بە دەستوەردانی رێبەر ئاپۆ بزووتنەوەی ئازادیی خۆی کۆکردەوە و قۆناغەکەی هێنایە ئاستی درووستتر، لە بواری سیاسییدا هەوڵدانی گەورە نیشاندرا، پارادایمی نوێی ئافراند، پیلانگێڕیی لە دژی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەکەمان بەم جۆرە پوچەڵکرایەوە، کەس بڕوای نەدەکرد، کە شکست بهێنێت، لە ئەنجامی بەرخودان و هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆدا، ئەو پاڕادایمەی بەرەوپێشی برد، ئەو راستیەی، کە بزوتنەوەکە پاکتا و نەدەکرا و بە بێ وچان درێژەدان بە تێکۆشان بابەتێکی مێژووییە، بەڵام رێبەر ئۆجالان هێشتا لە زینداندایە، هەربۆیە پیلانگێڕیی بە رێگە و ڕێبازی جیاجیا بەردەوامە.

سەبری ئۆک، لە بارەی سەردانی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بۆ بەغدا و هەولێریش وتی: کە لەو دانووستانانەدا بابەتی سەرەکی پەکەکەیە، ئۆک ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە تایبەتی دوای دیدارەکان لە هەولێر بڕیاری درێژەدان بە شەڕ دراوە، بۆیە دەبێت پەدەکە بەشداریی لە گەمە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورکدا نەکات.

ب. جـ

Comments are closed.