نەتەوە یەکگرتووەکان داوای زیادكردنی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئیسرائیل دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

كۆمیساری فریاگوزاری و كاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) داوای زیادكردنی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئیسرائیل دەكات، بۆ ئەوەی ڕێگەی زیاتر بۆ یارمەتییە مرۆییەكان بۆ چوونە ناو كەرتی غەزە بكاتەوە.

فیلیپ لازارینی كۆمیساری فریاگوزاری و كاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) لە بارەی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ دانیشتوانی غەزە لە تۆڕی كۆمەڵایەنی “X” ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، توند و تیژی ئیسرائیل و دۆخی كارەساتبارانەی مرۆیی لە كەرتی غەزە بەرەو خراپتر دەچێت، هەربۆیە داوا دەكەین، ئیسرائیل هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان بكات، بە مەبەستى ئاسانكاری گەیاندنی یارمەتیە مرۆییە زۆر پێویستەكان بۆ غەزە.

ئاماژەى بەوەشكردووە، پێویستە دەوڵەتان فشاری زیاتر بخەنە سەر ئیسرائیل بە مەبەستى جێبەجێكردنی فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی، هەروەها ئەو وڵاتانەی وازیان لە دابینكردنی بودجە بۆ UNRWA هێنا، دەبێت بە بڕیارەكەیاندا بچنەوە بۆ ئەوەی دەزگاكەمان بتوانێت زیاتر هاوكاریی هاوڵاتیان بكات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای نێودەوڵەتی داوای لە ئیسرائیل كرد، ڕێگەى وشكانی بۆ غەزە بكاتەوە بۆ ئەوەی یارمەتییەكان بگاتە هاوڵاتیان، ئاماژەی بەوەدا یارمەتییە وشكانییەكان بە تەنها بەسە بۆ ڕێگریكردن لە برسێتی غەزە.

هـ.ئ

Comments are closed.