فرە بازنەیی چی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەگۆڕێت؟

له‌تیف نێروه‌یی

دواجار سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ ئیمزاكرد و یەكێتی بە فەرمی لەسەر زاری لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رایگەیاند، كە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و پێشوازی لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكات. بەمەش هەرێمی كوردستان پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ و ئیدی دەرفەتی ئەوە نامێنێت هەندێك لایەن لەسەر سۆز و عاتیفەی جەماوەر پەیام ئاڕاستە بكەن و دەستی تۆمەت بۆ ركابەرانی خۆیان درێژبكەن و تۆمەتباریان بكەن بەوەی، كە بەربەست لەبەردەم بەڕێووەچوونی هەڵبژاردن درووست دەكەن، ئەو لایەنانە ناچارن بەدوای ژەنینی ئاوازێكی دیكەدا وێڵبن، چونكە هەڵبژاردن دەكرێت و پڕۆسەكەش لەسەر بنەمای فرە بازنەیی دەبێت، كە خواستێكی فەرمی و سەرەكیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق تایبەت بە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە هەرێم بەسەر چوار (٤) بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێت و (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) و كۆتاییهێنان بە سیستمی یەك بازنەیی، كە چەند ساڵێكە چەقی ناكۆكی و ململانێیەكی توندبوو لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرە لایەنی و بەبنبەست گەیشتنی دانوستانەكان لەسەر ئەو مژارە و كۆتاییهاتنی وادەی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، یەكێتی لەڕێگەی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوزەوە رێچكەیەكی یاسایی گرتەبەر بۆ ئەوەی لەڕێی دادگای فیدراڵەوە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە و كاتێك دیاری بكرێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی پەرلەمانی كوردستان و سەرەنجام دادگا بڕیاریدا، كە هاوشێوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی حكومەتی فیدراڵ، لە هەرێمی كوردستانیش سیستمی فرە بازنەیی پەیڕەو بكرێت، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق، هەندێ سەرچاوەی میدیایی دەخوازن بە پێوەری دەستكەوتەكانیان لە یەك بازنەییدا راڤەی سیستمی فرە بازنەیی بكەن لە هەرێم. بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانە بۆ سیستمی فرەبازنەیی بكرێت ئەوكاتە كۆمەڵێك خاڵی بەرهەمدار و ئەرێنی لە بەرژەوەندی گشتیدا نمایش دەبن و لە بەرامبەردا كۆمەڵێك خاڵی نەرێنی و خەوشی لە یەك بازنەییدا دەردەكەون. لەوانە:

-بەپێی پێوەرەكانی سیستمی دیموكراسی فرە بازنەیی باشتر و سەركەوتووترە لە یەك بازنەیی.

-كورسی هیچ پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە ناچێت، بۆ نموونە (٣٨) كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، (٣٤) كورسی بۆ پارێزگای هەولێر، (٢٥) كورسی بۆ پارێزگای دهۆك، (٣) كورسی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و ئەگەر رێژەی بەشداربووان لە سنووری پارێزگایەك كەمتریش بێت لە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەرانی پارێزگایەكی دیكە، ئەوا هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر رێژە و پشكی كورسییەكانی هیچ پارێزگایەكدا نایەت، كە لە یەك بازنەییدا هەبوو.

-هەر كاندیدێك كە سەردەكەوێت، نوێنەرایەتی دەنگدەری پارێزگاكەی خۆی دەكات و دەتوانێت راستەوخۆ و لە نزیكەوە چاودێری و نوێنەرایەتی راستەقینەی پارێزگاكە و دەنگدەرانی خۆی بكات، بەڵام لە سیستمی یەك بازنەییدا هیچ پەرلەمانتارێك نەیدەتوانی بەشێوەی مەیدانی نوێنەرایەتی هەموو دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بكات بە هەموو شار و شارۆچكەكانییەوە.

-كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان باشتر دەتوانێت ئاماری دەنگدەرانی راستەقینەی هەر پارێزگایەك لە دەنگی ساختە جیابكەنەوە و لێكی هاوێر بكەن.

-زەمینەیەكی باشتر دەڕەخسێت بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری.

-دادپەروەری بۆ هەموو پارێزگاكان و تەنانەت بۆ دەنگدەرانی ناوخۆی حزبەكانیش دەڕەخسێت.

-بۆ حزبە سیاسییەكانیش هەر لایەنێك دەتوانێت بەرنامەی تایبەت بە پارێزگاكان ئامادە بكات، كە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخی سیاسیی و ئەمنی و ئیداری و ئابووری و كۆمەڵایەتی و …هتدی پارێزگاكە.

-سیستمی فرە بازنەیی بۆ كاندیدەكان لەڕووی توانای مرۆیی و تەكنیكییەوە (تیم و كات و خەرجی)یەوە باشترە، چونكە كاندیدەكان لە سنووری یەك پارێزگا باشتر دەتوانن بانگەشە بكەن لەوەی، كە لە سنووری هەموو هەرێمی كوردستان بانگەشە بكەن.

بۆیە سیستمی فرە بازنەیی، كە هەرچەندە بەرهەمی هەوڵ و هەڵوێستی نەگۆڕی (ی.ن.ك) بوو، بەڵام بەرهەمەكە بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانە و لە بەرژەوەندیی پڕۆسەی دیموكراتی و خەڵكی كوردستان كۆتایی دێت.

راست و دروست بانگەشە و هەڵڵای هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، لەلایەن چەند هێزێكەوە، چەندبارە دەبێتەوە، بەتایبەت، كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردن و پرسەكانی تریش بە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دەبینن، بەڵام تەنها شتێك، كە قۆناغی دووەمی ژیانی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان ببوژێنێتەوە، دووبارە دروستكردنەوەی دامەزراوەكانی هەرێم و شەرعیەتی دەسەڵاتەكەیەتی لەڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە، كە دادگای فیدراڵی رێكارە یاساییەكەی بۆ دیاریكردووە، بۆیە (بافڵ تاڵەبانی)ش لە دیداری رافیدەین دووپاتیكردەوە، كە قۆناغی بونیادنانەوەی هەرێمی كوردستان بە هەڵبژاردن و خۆڕێكخستنەوە، دێتەدی.

ئ.م

Comments are closed.