ژنانی ڕۆژنامەنووس زۆرترین ماوەی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی تەنها ١٢،٧٪ـی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە جیهاندا ژنن، بەڵام لە زۆرترین ماوەی زیندانیکردندا، ژنانی ڕۆژنامەنووس پشکی شێریان بەرکەوتووە و زۆرترین ماوەی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ئاشکرای کردووە هەرچەندە تەنیا ١٢،٧ـی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ئێستادا لە سەرانسەری جیهان دەستبەسەرکراون ژنن (٦٩ ژن، ٤٧٤ پیاو)، بەڵام ژنان پێنج زۆرترین ماوەی زیندانی کردنیان وەرگرتووە، لە کۆی ئەو زیندانیانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەسەر ڕۆژنامەنووساندا سەپێنراوە.

لەبارەی ئەو پێنج ڕۆژنامەنووسە ژنەوە، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتانی بیلاڕووس، میانمار، بوروندی-ن کە سزای بەندکردنی لە ١٠ ساڵ تا هەتاهاتییان بەسەر پێنج ژنە ڕۆژنامەنووسدا سەپاندووە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە نێو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئێستا لە زینداندان، ژنانی ڕۆژنامەنووس کەمینەن، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا ٥٥٪ـی زۆرترین ماوەی سزاکان بەسەر ژناندا سەپێنراوە، بەراورد بە پێنج ساڵی ڕابردووش ئەمانە زۆرترین و توندترین سزان کە بەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووسدا سەپێنرابێت.

یەکێک لەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی، کە لەلایەن دەسەڵاتی میانمارەوە بە یاسای دژە تیرۆر، زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بەناوی شین دایوێی.

دەوڵەتی بیلاڕووس، سێ ڕۆژنامەنووسی ژن بەناوەکانی (ماریا زۆلاتاڤا، لیودمیلا چێکینا و ڤالێریا کاستسیوهۆڤا) لە ١٠ بۆ ١٢ ساڵ حکومی زیندانی کردنی بەسەردا سەپاندون.

میانمار و بلاڕووس لەو وڵاتانەن، کە توندترین سزای ڕۆژنامەنووسانیان داوە بەهۆی پیشەکانیان و سووربوون لەسەر کارکردن و پەیڕەوکردنی بنەمای ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی.

هاوکات، لە مانگی کانوونی یەکەمى ٢٠٢٣دا، پێشکەشکاری ڕادیۆیی فلۆریانی ئیرانگابییە، لە بوروندی، کە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

ش. ئـ

Comments are closed.