هاوڵاتییان و چاودێرانى عێراق ناڕازین لە سەردانەكەی هاكان فیدان بۆ بەغدا

بەغدا

چاودێران و هاوڵاتیانی بەغدا لە بەرامبەر سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك بۆ عێراق ناڕازین و داوای ڕاگرتنی ئەو سەردانە دەكەن، بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورك پێشێلكارییە بەردەوامەكانی بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەمان بوەستێنێت، دەشڵێت، قبوڵی ناكەن هیچ وڵاتێك دەستدرێژی بكاتە سەر سنوورەكانی عێراق.

چاودێران و هاوڵاتیانی بەغدا لە بارەی سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك بۆ عێراق و ناڕەزایەتییەكانیان بەرامبەر ئەو سەردانە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئێمە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا ڕەتدەكەینەوە

محەمەد مەیاحی
محەمەد مەیاحی

محەمەد مەیاحی هاوڵاتییەكی بەغدایە و ڕایگەیاند، كۆمەڵكوژییەكانی توركیا لە دژی عێراقییەكان بەردەوامە، توركیا دەیان بنكەی سەربازی لە عێراق هەیە، بەڵام ئێمە سەرمان لە بێ دەنگی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان سوڕماوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق ساڵانە بە بڕی ملیارەها دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا هەیە، ئەمەش گرنگترین كارتی فشارە دژی توركیا، دەبێت هاوردەی كاڵا لە توركیاوە بوەستێنرێت، چونكە توركیا چەندین بەنداوی درووست كرووە، بە مەبەستی بڕینی ئاوی عێراق، ئەمە جگە لە بوونی بنکەى سەربازیان لە ناو خاكی عێراق.

جەختی لەوە كردەوە، ئێمە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا ڕەتدەكەینەوە، چونکە هۆشیاری لەنێو خەڵكدا هەیە بەرامبەر كارەكانی توركیا، بۆیە ناڕەزاین لە سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ وڵاتەکەمان.

بڕیارە ئەمڕۆ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و وەزیری بەرگری و سەرۆكی میت و جێگری وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورك بە سەردانێكی فەرمی بگەنە بەغدای پایتەختى عێراق، ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەنقەرە نیازی ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی گەورەى لەناو خاكی عێراق و هەرێم هەیە.

ئەو كۆمەڵكوژییانەی توركیا دژی ناوچەكە ئەنجامی دەدات لەلایەن گەلی عێراقەوە ئیدانە دەكرێت

ئەبو عەلی
ئەبو عەلی

هەروەها، ئەبو عەلی هاوڵاتییەكی دیكەی بەغدایە و دەڵێـت: ئەگەر سەردانەكە هاكان فیدان كێشەكان چارەسەر بكات پێشوازی لێدەكرێت، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت بۆ خۆی بێت و ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكات، ئەوا سەردانەكەی ڕەتدەكرێتەوە.

ڕوونی كردەوە، ئەو كۆمەڵكوژییانەی توركیا دژی ناوچەكە ئەنجامی دەدات، لەلایەن گەلی عێراقەوە ئیدانە دەكرێت، چونكە هێرشێكە بۆ سەر سەروەری عێراق، ئێمە قبوڵ ناكەین هیچ وڵاتێك دەستدرێژی بكاتە سەر سنوورەكانی عێراق.

پێویستە ڕێز لە سەروەری عێراقی بگیرێت وەك چۆن توركیا دەیەوێت جیهان ڕێزی لێ بگرێت

عەبدوڵا كینانی
عەبدوڵا كینانی

عەبدوڵا كینانی شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، نابێت حكومەت پێشوازی لە هیچ بەرپرسێكی توركیا بكات، چونكە توركیا دەستدرێژی دەكاتە سەر عێراق، ئەردۆغانیش دەیەوێت سەردانی عێراق بكات، كەواتە بۆچی سەردانمان بكات لەكاتێكدا خوێنی عێراقی دەڕژن.

 باسی لەوەشكرد، پێویستە ڕێز لە سەروەری عێراقی بگیرێت، وەك چۆن توركیا دەیەوێت جیهان ڕێزی لێ بگرێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا نەخوازراوە، دەبێت توركیا دان بەوەدا بنێت، كە دەیان هاوڵاتی عێراقی كوشتووە.

عەلی مەیاحی، چالاكوانی مافی مرۆڤە و دەڵێت: توركەكان ئەمڕۆ سەروەری عێراق پێشێل دەكەن و بڕینی ئاو وەك كارتی فشار بەكاردەهێنن، كە بووەتە هۆی وشكەساڵییەكی گەورە لە عێراق، پێشێلكارییەكانی توركیا بەردەوامن، بۆیە دەبێت حكومەتی عێراق هاوڵاتییەكانی بپارێزێت، هەروەها هەڵوێستی جددی سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا هەبێت،

عەلی مەیاحی
عەلی مەیاحی

دەبێت پێشێلكارییەكانی توركیاش بوەستێنێت.

ئەو چالاكوانە لە كۆتایدا وتی: دەبێت هەنگاوی ڕاستەقینە لەلایەن حكومەتەوە لە دژی توركیا هەبن، لەوانە ڕاگرتنی هاوردەكردن كەلوپەلی بازرگانی، هەروەها پەنا بردنەبەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و تۆماركردنی سكاڵا لە دژی توركیا.

هـ.ئ

Comments are closed.