زیانى بۆردوومانەكانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان زیاترە لە ملیارێك دۆلار

ناوەندی هەواڵەكان

هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی دەوڵەتى داگیركەرى تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە زیانی گیانی و ماڵی لێ دەكەوێتەوە و بەپێى هەواڵى ماڵپەڕی نۆرس پرێس زیانى بۆردوومانەكانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زیاترە لە ملیارێك دۆلار.

ماڵپەڕی نۆرس پرێس لە بەڵگەكردنی زیانی هێرشەكانی دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئامارێكی ئابووری بڵاوكردەوە بە جۆرێک زیانەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاترە لە ملیارێك دۆلار.

بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردن لەو ماڵپەڕە زیانی بۆردوومانەکەی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە بەڵگە دەکات، بڕی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ڕاپۆرتەكە بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس ئامادەی کردووە و تێیدا هاتووە، تورکیا ٣٧ شوێنی ژێرخانی و ٢٥٣ شوێنی نیشتەجێبوون و ٤١ شوێنی سەربازی بۆردوومان کردووە، هەروەها ٨٨٪ ی شوێنە ئامانج دارەکان ناوچەی سڤیل بوون و دووربوون لە ناوچەی سەربازیی.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە پێدەچێت تورکیا مەبەستی لەو بۆردوومانانە لاوازکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و لەناوبردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بێت، کە بەڕێوبەریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەش بە دانیشتووانی دەکات، بەبێ ئەوەی بچوکترین ڕەچاوی ژیانی هاوڵاتییانی سڤیل بکات، کە دەکوژرێن یان بریندار دەبن، بەبێ گوێدانە ئامرازی ژیانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ڕەسەن و ئاوارە سوورییەکانی ئەم هەرێمە.

بەڵگەنامەکان دەریانخستووە تورکیا توانیویەتی بەشێکی زۆری کەرتە بنەڕەتییەکان لەناوببات، دیارترینیان بەرهەمهێنانی وەرگیراوەکانی نەوت و غازی ناوخۆیی و کارەبا بوون، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ژیانی دانیشتووان هەبووە و مافەکانیان پێشێل کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک.

کۆی زیانەکانی کەرتی وزە دیارترینیان وێستگەکانی نەوت و کارەبان، زیاترە لە یەک ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش بەهۆی توانا سنووردارەکانی هەرێمەکەوە زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئابووریی ڕۆژئاوای کوردستان.

بەپێى ڕاپۆرتەکە درۆنەکانی دەوڵەتى تورک وایکردووە ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان داڕمێت و کاری نۆژەنکردنەوەیان سەخت بێت، ڕاپۆرتەکە دەڵێ: “دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکانیان هەڵبگرن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەرفەتیان پێنەدات بە ئاشکرا هەڕەشەکە ڕابگەیەنن و هێرش و بۆردوومان ئەنجام بدەن، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ملیۆنان دانیشتووی ناوچەکە لەناودەبەن.

بەرپرسانی ناوخۆیی بڕی نەوتی سووتاویان بەهۆی بۆردوومانەکەوە بە نزیکەی ٦٢١ هەزار و ١٧٥ بەرمیل خەمڵاندووە.

پسپۆڕێکی بواری ژینگە ئاماژەی بە مەترسییە درێژخایەنەکانی گڕگرتنی نەوت کرد بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ، بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسانەوە و پیسبوونی هەوا بە گازی ژەهراوی و توخمە کانزاییەکانی وەک هایدرۆجین سەلفاید، نایترۆجین، جیوە و ئارسنیک.

ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، پەمپکردنی ئاوی پاک لە شار و شارۆچکەکانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج رۆژە، بەهۆی لەدەستدانی کارەبا و سووتەمەنییەوە وەستاوە، بەو پێیەی ماوەی پچڕانی کارەبای گشتی لە شار و گوندەکان گەیشتووەتە ٢٢ کاتژمێر لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا نەبوونی سووتەمەنی بووەتە هۆی ئەوەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا لە بەشێکی گەڕەکەکانی شارەکە بکوژێننەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی داگیرکەریی تورک کەمێک پێش ئێستا وێستگەی نەوتی سەیدە و بیری نەوتی عەودە-یان لە تربەسپی بۆردوومان کرد و لە دێرک-یش دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەی کارەبای بانێ شکەفت، لە ناوچەی پەنابەران و گوندەکانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە.

ب. هـ

Comments are closed.