ئەمڕۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زارگەلییە بەدەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی گوندی زارگەلی-دا تێدەپەڕێت، کە تێیدا هەشت هاوڵاتی مەدەنی بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدکران، تا ئەمڕۆش نە برینی زارگەلی ساڕێژکراوە و نە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک وەستاون.

تائێستا نە قوربانیانی گوندەکە قەرەبوو کراونەتەوە و نە تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییە سزا دراون، ئەو کارەساتە چۆن ڕوویدا و چ نهێنییەک لە پشتییەوە هەیە؟ ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتێکدا پەنجەنمای دەکات.

کاتژمێر ٤:٠٠ـی بەرەبەیانی ڕۆژی ١ـی ئابی ٢٠١٥، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک وەک پیشەی هەمیشەییان زنجیرەیەک هێرشی دڕندانەیان کردە سەر گوندەکانی بناری قەندیل، لە گوندی زارگەلی خێزانێکیان کۆمەڵکوژ کرد، لە ئاکامدا هەشت کەسی مەدەنی  شەهیدبوون و زیاتر لە ١٠ کەس برینداربوون.

لە یەکەم هێرشدا ماڵی مام خدر بەئامانج گیرا، لەوێ پورە ئایشێی هاوژینی مام خدر شەهیدبوو و چەند کەسی دیکە بریندار بوون، کاتێک خەڵک بەهانای بریندارەکانەوە چوون، جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک خەڵکە مەدەنییەکەیان بۆردوومان کردەوە، لەئەنجامدا حەوت کەسی دیکە شەهید بوون.

هەر لەو هێرشەدا مزگەوتی گوندەکە و چەندین ماڵ خاپوور بوون و زیانێکی زۆری ماددی بەرخەڵکی گوندەکە کەوت، ئەمە جگە لە وێرانبوون و ژەهراویی بوونی ژینگەی گوندەکە و سووتانی زەوی و ڕەز و باخی هاوڵاتییان و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.

دوای هێرشەکە، پاشماوەی مووشەکەکان بەدیکران یەکێک لە مووشەکەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا درێژیەکەی ٥. ٢ مەتر و قورساییەکەی یەک تۆن بووە.

ئەم بۆردومانانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە بە پێی ماددەی پێنجی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی جنێڤ، بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە جەنگییانە قەدەغەیە، ئەم ماددەیە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی قەدەغە کردووە، کە دەبنە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.

ئەو ڕۆژەی کۆمەڵکوژییەکە ڕوویدا، شاندێکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی گوندەکەیان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە، پاش گەڕانەوەیان شاندەکە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر بۆردوومانەکانەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و شەهیدکردنی هاوڵاتییانی‌ گونده‌كه‌ی له‌لایه‌ن توركیاوه‌، به‌ كۆمه‌ڵكوژیی‌ ناوبرد و داواشی کرد قه‌ره‌بووی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بكرێته‌وه‌.

دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ هێشتا زیانلێکەوتوانی گوندەکە قەرەبوونەکراونەتەوە و خانووەکان بە ڕووخاویی ماونەتەوە.

زارگەلی، یەکەم هێرش و دواین هێرشی دەوڵەتی تورک نەبوو بۆسەر قەندیل و باشووری کوردستان بەگشتیی، بەڵکو پێش زارگەلی لە ٢١ـی ئابی ٢٠١١ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لە لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنی کرد و بەو هۆیەوە حەوت ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون کە منداڵی ساوایان لەناودابوو، پێش ئەوێش گوندی کەندەکوریان بۆردوومان کردبوو بەهۆیەوە چەند کەسی مەدەنی شەهید و برینداربووبوون.

لەدوای زارگەلی-ش دەوڵەتی تورک چەندین کۆمەڵکوژیی دیکەی لە بادینان و دەڤەری سۆران پێکهێنا، و نزیکەی ٢٠ کەس شەهیدبوون، ئێستاش ڕۆژانە بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکات و هاوڵاتییانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، هەردوو حکومەتی عێراق  و هەرێمی کوردستانیش جگە لە بێدەنگبوون هیچ هەڵوێستێکی دیکەیان نییە، بۆیە زامی زارگەلی هێشتا نەپێچراوە و ساڕێژ نەبووە لەگەڵ هەموو ساڵیادێکدا ژمارەیەکی دیکە شەهید بۆسەر ژمارەی شەهیدەکان زیاد دەکات.

بەڵگەش بۆ ئەوە، ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٢، لەپاش کۆمەڵکوژییەکەی گوندی پەرەخ، کە تێیدا نۆ گەشتیاری عەرەب کوژران و ٢٣ـی دیکەش بریندار بوون، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە عێراق ٢٩٦ یاداشتی ناڕەزایەتیی بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە ئاڕاستەی تورکیا کردووە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا، کە بەکۆی گشتی ٢٢ هەزار و ٧٤٢ پێشێلکاریی بەرامبەر خاک و سەروەریی عێراق ئەنجامداوە، هاوکات چوار داواکارییشی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ش. ئـ

Comments are closed.