کەسوکاری شەھیدان لە نادادپەروەرییەکانی حکومەت و دەسەڵات توڕەن

هەلەبجە

بە جلوبەرگێکی سەرتاپا ڕەشەوە، وێنەی شەھیدەکانی بەدەستیەوە گرتووە، ھەرکاتێک ساڵیادی کیمیابارانی شارەکەی نزیک دەبێتەوە لەتاو ئازاری کەسوکارەکەی ئۆقرەی لێ دەبڕێت، بەردەوام فرمێسک دەڕێژێت و ناشزانێت ڕوو لەکوێ بکات بۆ ئەوەی خەمەکانی کەمبێتەوە، جوانی و سرووشتی بەھار تەنھا خەمێکە بۆ خۆی و خێزانەکەی نەک شادی و خۆشی بێت.

لە ڕۆژی ١٦ـی ئادار ١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی سەدام، بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیایی ھەڵەبجەی بۆردوومان کرد، لەڕوداوەکەدا پێنج ھەزار لە ژن و منداڵ و پیاو شەھید بوون، زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی دیکەش بریندار و ئاوارەبوون، بەشێک لە بریندارەکانیش تائەمڕۆ بەدەم ئازارەوە دەناڵێن، بەردەوام لەبێ چارەسەریدا گیان لەدەستدەدەن.

دولبەر محەمەد خاوەنی ١٤ شەھیدی کیمیابارانی شارەکەیە باسی لە ساتەکانی  بۆردوومان کردنی هەڵەبجە کرد و وتی: لە کاتی کیمیابارانی ھەڵەبجە تەمەنم ١٩ ساڵ بوو، ١٤ کەسی پلە یەکم شەھید بوون، کە باوک و دایکم شەش برا و دوو خوشک و سێ خوشکەزامن، هەروەها لە بنەماڵەکەماندا خاوەنی ٧٠ شەھیدی کیمیابارانم.

وتی: ڕووداوەکە پێش نیوەڕۆبوو فڕۆکەکە ھات قەسفی کرد، چوینە ژێر زەمێنێکەوە دواتر بەرە و عەبابەیلێ ڕۆشتین، لە دوای ئەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ھیچ کەسوکارێکی خۆم و ماڵی باوکم نەدۆزیوەتەوە، ژیانمان بەتەواوی وێرانبووە لەگەڵ خوشکەکەم.

بەدەم خەمو ئازارێکی زۆرەوە بەردەوام بوو لە گێرانەوەی چیرۆکی ڕۆژە تاڵەکان باسی لەوەشکرد، کە هیچ کەسێک پێی نەوتوون تەواویی خانەوادەکەی شەهید بوون، هەر وتوویانە لە ژیاندان، ئەمیش بە هیوای دۆزینەوەیان هەموو ئۆردووگاکان گەڕاوە، لە کۆتاییدا پێیان ڕاگەیاندوون “لەژێر زەمینی ماڵی حاجی حەسەن لە عەنەب، سەرجەمیان شەهید بوون”.

دولبەر لەتاو ئازار و بێتاقەتی ژیانی ڕەنگی ڕەش داگەڕابوو ھاوشێوەی جلوبەرگەکانی دەی وت، ھەموو ڕۆژێک بۆ ئێمە ١٦ـی ٣ـیەو ئەو ھەموو کەسە نزیکە لەدەست بدەیت دەبێت ژیانت چۆنبێت؟ قەت ناگەڕێینەوە پێش کیمیابارانکردنی شارەکە کەس لە ئازاری ئێمە تێناگات، ھیچ کەسوکارێکمان نەماوە سەردانێکی بکەین، تەنھا سەیری ئەو ڕەسمانە دەکەین بەدەم خەفەتەوە لە ماڵەوە دامان ناون.

کەسوکاری شەھیدان لە کەمتەرخەمیەکانی حکومەت ھەموو کات نیگەرانن دولبەر دەڵێت، حکومەت بەپێی پێویست ھیچی بۆ نەکردویین، دەبوو براکانی من پەیکەریان بۆ بکرایە، بەرپرسەکان کاتی یادەکان دێنە ھەڵەبجە داواکارییەکانی پێدەدەین، ھەر دەڵێن بەسەر چاو دواتر ھەر وەڵاممان نادەنەوە، لەوەتەی یاد دەکەنەوە ھەر بەسەر چاو دەکەن کەڕۆشتن دەمانخەنە پشتی گوێ.

دولبەر لەناو خێزانە ١٤ کەسیەکەیاندا تەنھا خۆی و خوشکێکی لە بۆردوومانی شارەکەیان ڕزگاریانبووە باسی لەوەش کرد، بەھۆی ئەوەی ژنین گوێمان لێ ناگیرێت، کاتێک داواکارییەک ئاراستەی حکومەت دەکەین بۆ دامەزراندنمان لە فەرمانگەیەکدا، بەڵام ھەر وەڵاممان نادرێتەوە، منداڵەکانمان ھەموی دەرچووی زانکۆن دایان نامەزرێنن، بێ شەھادەکان دادەمەزرێنن، کەسوکاری شەھیدان لەو نادادپەروەرییەکانی حکومەت و دەسەڵات توڕەن.

ش.ئـ

Comments are closed.