کۆمسیۆن: ئامادەکارییەکان بەردەوامن و هەڵبژاردنى هەرێم دوا ناخرێت

ناوەندی هەواڵەکان

بە فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لێکراوە، بەڵام ناچارن هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەببەن و بەرپرسێکی دیکەى کۆمسیۆنیش دەڵێت:پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکاریەکمان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرچاوەی پێویستیشمان لەبەردەستدایە.

وتیشی: داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان بۆ ماوەی دوو مانگ لیکراوە، بەڵام ناچارین هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەببەین بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی.

لەلایەکی دیکەوە عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی عێراق بە میدیا عێراقییەکانى ڕایگەیاندوە، هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پێشکێشیان نەکراوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە،  ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن.

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی عێراق جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کە ٦ـی حوزەیرانى ئەمساڵە.

ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمرۆ پەدەکە بەمەبەستى پەکخستن و بەربەست دروستکردن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بایکۆتى هەڵبژاردنەکەی کرد.

هـ.ح

Comments are closed.