“مووچەی فەرمانبەران، نەک شەڕی ڕاگەیاندن”

لەتیف نیروەیی

چەند ڕۆژێکە بەبێ ڕەچاوکردنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، کە مانگی خێر و ئاشتی و لێبوردەییە، هەروەها بەبێ رەچاوکردنی جەژنی نەورۆز، کە جەژنی نەتەوەیی و هێمای یەکڕیزی وتەبایی گەلی کوردستانە، هەروەک بەبێ رەچاوکردنی ئەو هەل و مەرجە هەستیارەی، کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، هەڵمەتێکی تووندی ناڕەوا و بێمانا و بە زمانێکی زبر لەدژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی پێکردووە.

 لەسەر ئەو هەڵمەتە ئێمە بە گیانێکی بەرزی بەرپرسیارانەوە خۆمان لەوەڵامدانەوەی ئەو جۆرە پەیامانە دورەپەرێز دەگرین و وەڵامیان نادەینەوە.

چونکە لەلایەکەوە ئەم قۆناغە پێویستی بە یەکریزی و تەبایی و رێکخستنی ناو ماڵی کورد هەیە بۆئەوەی پێکەوە رووبەرووی ئاڵنگاریەکان ببینەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە، لەو تیپە وەرزشییە دەچن، کە دڵنیان لەوەی ناتوانن یاریەکە ببەنەوە و ئەنجامی یارییەکە بە شكستی خۆیان کۆتایی پێدێت.

بۆیە هەوڵی تێکدانی یارییەکە دەدەن، بۆ ئەو مەبەستە گێچەڵ بە حەکەم و چاودێرانی یارییەکە دەکەن و هەوڵیش دەدەن شەر بە کابتن و یاریزانانی تیپەکەی بەرامبەر بفرۆشن تا یارییەکە تێکبدەن.

بۆیە ئێمە وەک میدیای یەکێتی دان بەخۆماندا دەگرین و وناکەوینە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پەیامانە و بێدەنگی هەڵدەبژێرین.

جگە لەوە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە تەنها دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بۆئەوەی کۆتایی بەو مەترسی و ئاڵنگاریانە بێنین، کە رووبەرووی هەرێمی کۆرستان بونەتەوە، نەک سەرقاڵکردن و بێزارکردنی هاوڵاتییانی هەرێم بە پەیامی زبری بێمانا، چونکە هاوڵاتییانیش چاویان لە وەرگرتنی مووچەی خۆیانە، نەک لە پەیامی تووندو شەری راگەیاندن، بەسەرچوونی زمانی زبرو چەواشەکارانە.

راستییەکی دیکەش هەیە، کە سەردەمی زمانی زبر و پەیامی ناراست و چەواشەکاری بەسەرچووە و هاوڵاتییان ناکەونە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پایامانە، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە.

چونکە ئەگەر بە پەیامی زبر و ناوزراندن بووایە ئەوا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، دەبووایە لایەنێکی سیاسیی کوردستانی هەموو کورسییەکانی پارێزگای کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانى دیکەی  ببردایەتەوە، یان ئەگەر بە بڵاوکردنەوەی پەیام و هەواڵی ناراست و چەواشەکاری بووایە ئەوا دەبووایە لایەنێکی دیکەی کوردستانی هەموو کورسییەکانی کەرکووکی بۆخۆی مسۆگەر بکردایە، بەڵام ئەنجامەکان دەریانخست، کە جەماوەری کوردستان وشیارە و نەک ناکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پەیامانەوە، بەڵکو بێزاربووە لەو جۆرە پەیامانە و باکارهێنانی کارتی زمانی زبر و ناوزراندن، یان بەردەوامبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی پەیامە ناراست و چەواشەکارییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا دوو کارتی خەوش و سوتاو دەبن .

ئ.م

Comments are closed.