لە بەلجیکا ڕەگەزپەرستان هێرشیان کردە سەر کوردان

ناوەندی هەواڵەکان

لە شاری لۆڤنی بەلجیکا، گرووپە ڕەگەزپەرستە تورکەکان هێرشیان کردە سەر ئەو بنەماڵە کوردانەی لە ئاهەنگی نەورۆز دەگەڕانەوە، چەندین کەس خۆیان لە ماڵێکدا پەنادا، بەڵام ڕەگەزپەرستەکان هەوڵیاندا گڕ لە ماڵەکە بەربدەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کوردانەی لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری لۆڤن دەگەڕانەوە، لەکاتی تێپەڕینیان بەناو شارۆچکەی هیوسدن-زۆڵدەر، لەلایەن سەدان کەسی ڕەگەزپەرستی تورکەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

گرووپە ڕەگەزپەرستەکان چەندین ئۆتۆمبێلیان تێکشکاند و هێرشیان کردە سەر دەیان کەس، کە لە ماڵێکدا پەنایان گرتبوو، لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە ڕەگەزپەرستەکان بە تەکبیر وتنەوە هەوڵی چوونە ناو ماڵەکە دەدەن، بەڵام پۆلیس دەگاتە شوێنەکە.

بە گوێرەی وتەی شایەت حاڵانی ڕووداوەکە ڕەگەزپەرستەکان هەوڵیانداوە نزیکەی ٤٠ کەس کە لە ماڵێکدا خۆیان پەنا دابوو بسوتێنن، بەپێی زانیارییەکانیش خەڵکێکی زۆر بریندار بوون.

گرتە ڤیدیۆییەکان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، دەردەکەوێت هەندێک کەس بە برینداری لەسەر زەوی کەوتوون، بە زمانی تورکی سووکایەتیی ڕەگەزپەرستانەیان پێدەکرێت.

هەر لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، ئەو گرووپە ڕەگەزپەرستە ئاڵای هەرێمی کوردستان دەسوتێنن.

کوردانی ناوچەکە لە شوێنی ترەوە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و کردەوەی ڕەگەزپەرستەکانیان شەرمەزار کرد، ئەو کوردانەی لە ماڵێکەدا گیریان خواردبوو ڕزگاریان کردوون.

دوابەدوای ئەوە کوردانی ناوچەکە خۆپیشاندانێکیان لە دژی ئەو کردەوەیە ئەنجامدا و داوای دەستبەجێ دەستگیریکردنی ئەو هێرشبەرە ڕەگەز پەرستانە کرا، هەروەها وێنەی بەشێک لە هێرشبەرەکان دەستنیشانکران و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەتەوە.

دوای هێرشەکە، تیمێکی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هێلکۆپتەری پۆلیس بەسەر شارەکەدا سوڕاوەتەوە.

ب. ق

Comments are closed.