پەرلەمانتارێک: پڕۆژەی هەژماری من جێگەی متمانە نییە

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، مووچەخۆرانی هەرێم ئاگاداربن پڕۆژەی ‘هەژماری من’ جێگەی متمانە نییە و ئەگەری ئیفلاس کردنی هەیە و لە داهاتوودا ئەگەری قەیرانی دارایی گەورەی بە دواوەیە، دادگای فیدراڵیش تەنها پشتگیری بانکە فیدراڵییەکان دەکات.

بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ لە دوای كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم كە ئیدارەی پڕۆژەی هەژماری من دەدەن، لەبارەی جیاوازی هەژماری من و تەوتینی مووچەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و هۆشداری دا بە مووچەخۆران.

ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، شاندی هەژماری من ڕایانگەیاند، کە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان تەوتینی مووچە و پڕۆژەی هەژماری من بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوانتاندا بۆچی تەوتینی مووچە ڕەت دەکەنەوە؟ لە کاتێکدا بانگی فیدراڵی ڕایگەیاندووە، کە تەوتینی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە دەکرێت، هەر یەک لە بانکی ڕافیدەین و ڕەشید، کە دوو بانکن دەتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت، کەچی پڕۆژەی هەژماری من پێنج بانکن، کە ئەهلین و ئەگەری ئیفلاسکردنی ڕاستەقینە و ئیفلاسی ساختەیان هەیە و پارەی خەڵک بفەوتێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە سایەی پڕۆژەی ‘هەژماری من’ هاوڵاتییان هەر مانگێک کە مووچە وەردەگرن ٢٥٠٠ دیناریان لێ دەبڕدرێت، هەروەها ئەگەر لە هەر ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە مووچەخۆران پارە ڕابکێشن، بۆ هەر جارێک ڕاکێشان، بڕی ١٠٠٠ دیناریان لێ دەڕوات، جگە لە هەموو ئەمانەش پشتبەستن بە بانکی ئەهلی لە دنیادا جێگەی متمانە نییە و ئەگەری ئیفلاس کردنی هەیە و ئەگەری قەیرانی دارایی گەورەی بەدواوەیە لە داهاتوودا، هەروەها یەکێکی تر لە مەترسییەکانی ئەوەیە، کە لە داهاتوودا حکومەتی هەرێم پارەی ئاو و کارەبا لە ڕێگای هەژماری منەوە لە هاوڵاتییان ببڕێت.

ب.گ

Comments are closed.