“پڕۆژەی هەژماری من بۆ دەستبەسەرداگرتنى مووچەیە و نابێت قبوڵ بکرێت”

گەرمیان

تا بێت ناڕەزایەتییەکان لەسەر پڕۆژەی هەژماری من فراوانتر دەبێت و لە لایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ڕەتدەکرێتەوە، مامۆستایەکی ناڕازیش لە گەرمیان دەڵێت: هەژماری من پڕۆژەیەکی باوەڕپێکراو نییە و بۆ دەستبەسەرداگرتنى مووچەیە و نابێت قبوڵ بکرێت، بۆیە ڕەتیدەکەینەوە.

ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی هەژماری منی ڕاگەیاندووە، بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو هەژمارەوە، بەڵام لە لایەن بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ئەو هەژمارە ڕەتدەکرێتەوە، چونکە گومانیان هەیە لەوەی مووچەخۆر بتوانێت هەموو مووچەکەی لەو هەژمارە وەربگرێت.

 لەوبارەیەوە نەبەرد ئەحمەد، مامۆستا و ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

نەبەرد ئەحمەد
نەبەرد ئەحمەد

نەبەرد ئەحمەد وتی: (هەژماری من) پڕۆژەیەکی ئەهلییە و باوەڕپێکراو نییە، دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەیەوە دەست بەسەر مووچەدا بگرێت، لە ئێستاشدا مووچەخۆر لەبەردەم  دوو بژاردەیە کە پرۆژەی هەژماری من و بانقە فیدراڵییەکانی عێراقە، ئەو بانقە فیداراڵیانە بانقی ڕەسمی حکومەتی عێراقین و خاوەن دراوی نەختێنەیین، بۆیە ئێمە دەخوازین مووچەکانمان سەر بە بانکەکانی حکومەتی عێراقی بێت نەک هەژماری من.

وتیشی: دەسەڵات زیاتر لە نۆ ساڵە مووچەکانمان پاشەکەوت دەکات و مووچەی چوار ساڵمان لای دەسەڵاتە، تا ئێستاش ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانەی نەخستووەتە سەر هەژمارێک، کە ببتوانین قەرزی خزمەتگووزارییەکانی حکومەتی لێبدەینەوە، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر مووچەکانمان بخرێتە سەر هەژماری من، حکومەت دەتوانێت ڕاستەوخۆ ئەو قەرزانەی لێیببڕێت، بۆیە ئەم پڕۆژەیە هیچ گرنتییەکی نییە.

نەبەرد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، فشاری مامۆستایان ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە ڕەتبکەنەوە و نەچن بەدەم مامەڵەکەیەوە، هەروەها ڕووبکەنە بەغداد و داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکەین، دەشکرێت سکاڵا تۆمار بکەین لەسەر پڕۆژەی هەژماری من، چونکە پڕۆژەیەکی نایاساییە بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، گەشبینیشین حکومەتی عێراق ئەو پڕۆژەیە قەدەغە بکات و مامەڵەکانیشی ڕابگرێت.

ئەو مامۆستا ناڕازییە باسی لەوەشکرد، هەرچەندە ئێستا داوای زانیاری لە مامۆستا دەکرێت بۆ مامەڵەی هەژماری من، بەڵام  تا ئێستا هیچ کەس لە گەرمیان ئەو مامەڵەیەی نەکردووە، دەسەڵات پاشەکەوت و لێبڕینی لە پارەی کاش دەکرد، بە دڵنیاییەوە لە ژمارە حسابییەکی دانپێنەنراودا زیاتر دەست بەسەر مووچە دەگرێت، زانیاریش هەیە لە هەژماری من هیچ مووچەخۆرێک ناتوانێت هەموو مووچەکەی وەربگرێت، ئەمەش پاشەکەوتێکی ڕانەگەیەندراوە دیسان.

لە کۆتایشدا مامۆستا نەبەرد وتی: بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەیە و مامۆستا خۆی ئەتوانێت بڕیاری لێبدات، چونکە ئەگەر مامۆستا دۆخی خراپ بوو، ئەو کاتە بایکۆت بژاردەیەکی کراوەیە لە بەردەمیدا و ڕەنگە جارێکی تریش بایکۆت بکاتەوە، بەڵام ئێمە وەکو ئەنجوومەنی ناڕازی ئەوەمان ڕانەگەیاندووە و مامۆستا ئەبێ خۆی بڕیار لەوە بدات.

هـ.ح

Comments are closed.