پەرلەمانتاران داوای بانگهێشتكردنی سوودانی و وەزیری نەوت دەكەن

ناوەندی هەواڵەكان

ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی عێراق واژۆیان كۆكردووەتەوە و داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، هەریەكە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی هۆكاری بەرز كردنەوەی نرخی بەنزین بزانن.

میدیا عێراقییەكان لە بارەی بانگهێشت كردنی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و حەیان عەبدول غەنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ پەرلەمان زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزینی لە عێراق دا، ئەمەش ناڕەزاییەتی هاوڵاتییان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ئێستا ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی عێراق واژۆیان كۆكردووەتەوە و داواكارییەكیان پێشكەش سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە.

ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، هەریەكە لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و حەیان عەبدول غەنی وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی هۆكاری بەرز كردنەوەی نرخی بەنزین بزانن.

٢٦ـی ئەم مانگە، حكومەتی عێراق بڕیاریدا بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزینی موحەسەن لە ٦٥٠ دینار بۆ ٨٥٠ دینار و نرخی بەنزینی سووپەر لە ١٠٠٠ دینارەوە بۆ ١٢٥٠ دینار، كە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

شەوی ڕابردوو هاوڵاتییانی بەسرە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین لە لایەن حكومەتەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بڕیارەكەی حكومەتیان ڕەتكردەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.