“پەدەكە دەرگا بۆ دەستوەردانی توركیا لە حكومەتی خۆجێی كەركووك دەكاتەوە”

ناوەندی هەواڵەكان

پەدكە بەردەوامە لە سوود وەرگرتن لە كێشەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك، هەروەها  دەرگای بۆ دەستوەردانی توركیا لە حكومەتی خۆجێی و بەڕێوەبردنی شارەكە دەكاتەوە، ئەنقەرە ئامانجی ئەوەیە توركمانەكانی عێراق بتوانن سەركردایەتی پارێزگای كەركووك بگرنە دەست.

ڕۆژنامە عەرەبییەكان لە بارەی كێشەكان و دەستتێوەردانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە  پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركووك زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

ڕۆژنامەی “ئەل عەرەب” كە بنكەكەی لە لەندەنە بڵاوی كردووە، تا ئێستا كێشەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی بۆ پارێزگای كەركووك یەكلایی نەكراوەتەوە، پەدەكە لە دژی یەنەكە دەچێتە ناو وەرچەرخانێكی نوێی ئاڵۆزییەوە، لەوانە دەرگا بۆ دەستێوەردانی توركیا لە شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگاكە و پێكهێنانی حكومەتی شارەكە دەكاتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بیرۆكەی بەرێوەبردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك بە شێوازی خولی لە نێوان كورد و عەرەب و توركمان بەشێوازێكی فراوان سەری هەڵداوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك.

ئەوەش خراوەتەڕوو، جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە بەو مانایەیە سوودمەندی یەكەم  پێكهاتەی توركمانە، كە خاوەنی دوو كورسین، ئەو پۆستە لە ساڵی ٢٠٠٣وە  تا ساڵی ٢٠١٧ لە دەستی كوردا بوو، لەوە بە دواوە عەرەب دەستی بەسەردا گرت، لەلایەن توركیاوە پێشنیار كراوە ئێستا نۆرەی توركمانەكانە ئەو پۆستە وەربگرێت.

باس لەوەشكراوە، توركیا ئامانجی ئەوەیە توركمانەكانی عێراق بتوانن سەركردایەتی پارێزگای كەركووك وەربگرن، چونكە كەركووك  گرنگی تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەتایبەتی دەوڵەمەندییەكەی بە نەوت.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، لە كۆی ١٥ پارێزگا ١٣ پارێزگا حكومەتی خۆجێییان پێكهێناوە، تەنها هەردوو پارێزگای كەركووك و دیالە بەهۆی ململانێی سیاسییەوە نەیان توانیووە ڕێكبكەون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایانە.

هـ.ئ

Comments are closed.