“ئێران نە هێرشی كرد و نە تۆڵەی كردەوە”

هێمن ئەحمەد

دوای ئەوەی لە ١ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشی كردە سەر كۆنسۆڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە چەند فەرماندەیەكی سەربازی تارانی كوشت، هەڕەشەكانی ئێران و گرووپەكانی بۆ تۆڵە سەندنەوە گەیشتبووە لوتكە، هەموویان چاوەڕوانی بڕیاری ڕێبەری باڵای شۆِرشی ئیسلامی ئێرانیان دەكرد، بۆ‌ ئەوەی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە، بەڵام ئیسرائیل هەر بەوەوە نەوەستا و دوو ڕۆژ دوای هێرشەكەی سەر كۆنسۆڵخانەی ئێران، لە ناوەڕاستی غەزەدا سێ كوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییەی سەرۆكی بزوتنەوەی حەماسی كوشت، ئەمەش زیاتر گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانى توڕە كرد، دوای چەندین كۆبوونەوەی فەرماندە باڵاكانی ئێران و گرووپەكانی مەقاومە بۆ چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشەكە ئیسرائیل، دواجار ئێران بڕیاری هێرشی دا.

پێش دەستپێكردنی هێرشەكە ئیسرائیل و ئەمریكا و جەند وڵاتێكی دیكە هۆشدارییان بە ئێران دا، كە ڕاستەوخۆ هێرش نەكاتە سەر تەلئەبیب، گەرنا ئێران باجی قورس دەدات، هەروەها ئیسرائیلیش سێ سینارۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دەستنیشان كرد، کە بەمجۆرەبوون:-

یەكەم: وەڵامدانەوەی ئێران لە دەرەوەی وڵات بۆ سەر یەكێك لە باڵیۆزخانەكانیان یان نوێنەرایەتییەكانی ئیسرائیل یان بۆ سەر شوێنێكی جوولەكەنشینەکان، لەم چوارچێوەیەدا ئیسرائیل ئاگاداری هەموو ئەو دامەزراوانەی لە دەرەوەی وڵات كردووەتەوە، پێشتریش كۆمەڵێك هۆشداریی بۆ ئیسرائیلییەكان لە دەرەوەی وڵات هەبووە، هەروەها ئیسرائیل ٢٨ نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە سەرانسەری جیهان داخست.

سیناریۆی دووەم بریتی بوو لە وەڵامدانەوەی ئێران لە ڕێگەی گرووپە چەكدارەكانەوە، كە ئەمە ئاسانترین سیناریۆیە بۆ ئیسرائیل، چونكە ئیسرائیل لەگەڵ هێرشى حووسییەكان و حزبوڵا و بەرەی مەقاومە ڕاهاتووە.

سینارۆیی سێیەم بریتیە لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئێران لە ڕێگەی هەڵدانی مووشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، یان مووشەكی كروز لە ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل، بە پێی خەمڵاندنەكانی ئیسرائیل سیناریۆیەكی لەو شێوەیە ئەگەری زۆر بوو.

دواجار ئێران بڕیاری دا و شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی نزیكە ٥٠٠ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەیان مووشەك لە عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، ئێران ئەمەی وەك تۆڵەسەندووە لە قەڵەم دا، بەڵام ئەوەی شەوی ڕابردوو ئێران كردی نە هێرش بوو نە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، چونكە چەند ڕۆژێك پێش ئەمە ئێران بە ناڕاستەوخۆ ئیسرائیلی ئاگاداركردەوە، كە بەنیازی چین و بەچی شێوازێك دەیانەوێت ئەو فشارە گەورەی سەریان لە ناوخۆی ئێران كەم بكەنەوە.

بۆیە ئیسرائیل هەموو ئامادەكارییەكانی خۆی كرد و ئێران و گرووپەكانیشی ” هێرشەكەیان ” ئەنجامدا، بەڵام لەو هێرشەدا، هیچ زیانێكی گیانی و ماددیی نەبوو، تەنانەت یەك دڵۆپ خوێنی هاوڵاتیەكی ئیسرائیل نەڕژاوە.

ئەم كارەی ئێران تەنها بۆ ڕووسپی كردنەوەی خۆی لە ناو وڵاتەكەی و گرووپە چەكدارە نزیكەكانی بوو، بەڵام ئەم هێرشە زیاتر مەترسییەكانی سەر بە گرووپەكانی مەقاومەی ئیسلامی و حەشد و حزبوڵا و حووسییەكانی یەمەنی زیاتر كرد، چونكە ئیسرئیل بێ وەڵام نابێت و ئەو گرووپانە دەكاتە ئامانج، كەواتە زەرەمەندی یەكەمی ئەم هێرشە گرووپەكانی نزیك لە ئێرانە، چونكە ئیسرائیل و ئێران هەرگیز بەشێوازی ڕاستەوخۆ هێرش ناكەنە سەر یەكتر.

ئەم هێرشەی ئێران هیچ كاریگەریی نەبوو، تەنها بووە هۆی ئەوەی دانووستانەكانی نێوان و حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست ئاڵۆزتر بكات، ئەم گەمەیە لەماوەكانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، ئەگەریش هەیە، عێراقیش تێكەڵاوی ئەو یارییە بكرێت و ببێت بە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

ب.جـ

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.