بنیادنانەوەی یادەوەریی ئەنفال بەم شێوەیە دەبێت؟

خالد سلێمان

پێش چەند ساڵێک ژنە نووسەر و چالاکوان لە بواری تۆمار و هێشتنەوەی یادەوەری گشتیی خەڵکی ئەنفالکراودا، گوڵاڵە گەرمیانی، هەستا بە دروستکردنی مۆنومێنتێک لەسەر ئەرک و حیسابی خۆی. مۆنومێنتەکە لە گوندی زنانە دروستکرا لە ناوچەی داوودە (باکوری قەزای دووز خورماتو). هەنگاوەکەی گوڵاڵە خان، جگە لەوەی هەڵقوڵاوی خەمێکی شەخسی و ئەخلاقیی بوو بەرامبەر بنیادنانەوەی یادەوەری ئەنفالکراوان و کەس و کاریان، لە بنەڕەتدا کاردانەوەیەکیش بوو بەرامبەر نەبوونی دیدگایەکی ڕەسمی دەربارەی کردەیەکی جینۆسایدی وەک ئەنفال و چۆنێتی کارکردن لەسەری و پاراستنی یادەوەری گشتیی جینۆسایدەکە. پێش دوو ساڵ، فەرحان سلێمان، لە گوندی قەڵاچەرمەڵە لە بەشێکی تری ناوچەی گەرمیان، ئەویش لەسەر ئەرک و حیسابی خۆی هەستا بە دروستکردنی مۆنمێنتێک بۆ ئەنفالکراوانی گوندەکە و لە دووای ئەویش دانیشتوانی گوندی بنەکەی خەپە کوێر و چەندان گوندی تر لە گەرمیان، بەهەمان شێوە سیموڵی زیندوویی و مانەوەی یادەوەری ئازیزە ئەنفالکراوەکانیان لە فۆرمی مۆنومێنتی بچووک، بەڵام پڕ مانادا، دامەزراند.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا هێشتنەوە و پاراستنی یادەوەری جینۆساید کراوانی ئەنفال بەم شێوەیە دەبێت؟

لەوانەیە مافی ئەوەم نەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام مافی ئەوە بەخۆم ئەدەم بۆچوونێکم هەبێت، چونکە کەسانی تر لە بواری ئەنفالدا کاردەکەن و سەدان لاپەڕەیان لەسەر نووسیوە و ئەوان لەهەموو کەسێکەوە هەقترن بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، هەروەها کەس و کارو دانیشتوانی گوندەکان، کە لەسەر یادەوەری دامەزرانەوە.

دەمەوێ بۆچوونەکەی خۆم بەقسەی هونەرمەندێکی کورد دەست پێبکەم، کە لە تافی لاوێتی و خوێن هەڵچوونی (نوێگەری)دا، وتبووی: ئەنفال کاڵ بوەتەوە و دەبێت بەدووای بابەتی تردا بگەڕێین. هەوڵی کەس و کاری هۆلۆکۆستەکەی کوردستانیش، بەتایبەتی خەڵکی گەرمیان کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زیاتر بەرکەوت، وەڵامێکی ئەمجۆرەیە لە تێگەیشتن لە ئەنفال: واتە هێشتنەوەی وەک ڕووداوێکی کاڵ نەبوەوە، هەر هیچ نەبێت ڕووداوێک خەڵکی ناوچەیەک کۆبکاتەوە، کاتێکی نەتەوەیەکی کۆنەکردەوە.

لێرەدا کاڵ بوونەوەی یادەوەری، یەخسیری کاتە، بەتایبەتی ژمارەی کەسانی ناو تراژیدیاکە خۆی، کە تەمەن تەنگی پێ هەڵچنیون یان نەماون، یان لە ڕووی جەستەی و دەروونی و وەبیرکەوتنەوە، توانای پاراستنی کەمێک لە ڕووداوەکانیان ماوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بنیادنانەوەی یادەوەری و کەیسی ئەنفالی، کردە فایلێک بۆ پاڕانەوە و ناوچەگەرێتی. لە کۆتاییشدا جینۆسایدێک لە فۆرمی یادکردنەوەیەکی گریاناویدا کۆکرایەوە. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە ئەکتەرانی ئەنجامدانی جینۆسایدەکە خۆی، خرانە پاڵ قوربانییەکانەوە: قوربانی و جەللاد، نەک تەنها لە یەک بازنەدا، بەڵکو لەبیرکردنی ئەوەی یەکەمیان کرایە مەرجی زەبەلاحبوونی ئەوەی دووەم. ئەمە مەرجێکی زەبەلاح بوونی دەسەڵات و سیاسەتی کوردیش بوو.

لەپاڵ لەبیرکردن و کاڵ بوونەوەدا، لەسایەی بێباکیدا، لە ناکەس کاریدا، ئاکتی کردە و کۆششی تاک، لە تۆمارکردن شایەتیی ئەنفاکراوە زیندووەکان و ئەنجامدانی توێژینەوە لە لایەن ژمارەیەکی بەرچاوی نووسەری دیاری بواری جینۆساید، نەدەبوو ناوی یەک بە یەکی قوربانییەکان ون ببێت. لێرەوە، بیرۆکەی خۆڕسکیی لەدایکبوو، ئەویش وێناندنی یادەوەرییە لە فۆرمی لۆکاڵیدا. بەیارمەتی عەبدوڵا پەشێو: لە هەر لادێیەکدا تاجە گوڵینەکەت دابنێ.

بەڵێ لە ناکەس کاری و نەبوونی سیاسەتێکی گشتی و نیشتمانیدا، باشترە خەڵک خۆیان یادەوەری قوربانیانی جینۆسایدەکە بپارێزن.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.